” ڕۆژانەی كاركردنی كرێكاران لە سۆران بۆ 25 تا 30 هەزار دینار بەرزبووەتەووە “
زاری كرمانجی-سۆران
بەپێی زانیاری بەدواداچوونەكانی زاری كرمانجی لە ئێستادا ڕێژەی كرێكاری بیانی لە سنووری قەزای ناوەندی سۆران ڕووی لە كەمبوونەوە كردووە، ئەوەش هەلی زیاتری كاركردنی بۆ كرێكاری ناوخۆیی ڕەخساندووە.
وەك بەشێك لە كرێكاران لە سەنتەری شاری سۆران بۆ زاری كرمانجی باسیان لێوەكرد: “دوای ڕوخانی ڕژێمی ئەسەد و ئازادكردنی سوریا، بەشێكی زۆر لەو ئاوارەكانی ئەو وڵاتە گەڕاونەتەوە، كە زۆربەیان لە سنووری ئیدارەی سۆران كاری كرێكاریان دەكرد، هەروەها كرێكارانی ئێرانیش بەهەمانشێوە لەئێستادا كەمتر بووەنەتەوە، ئەوەش وایكردووە كە هەلی كاركردن بۆ كرێكارانی ناوخۆیی زیاتر بڕەخسێت، بەمەش كرێی ڕۆژانەی كاركردن بۆ 25 تا 30 هەزار دینار ڕووی لە بەرزبوونەوە كردووە.
لای خۆیەوە هەژار یونس، بەڕێوەبەری دەستەبەری كۆمەڵایەتی كرێكارانی سۆران، بەزاری كرمانجی ڕاگەیاند: “ئەو پیشەوەر و كرێكارانەی بۆ كاركردن ڕوو لە سنوورەكەمان دەكەن، پێویستە لەسەرەتاوە سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەكەمان بكەن، بۆ هەندێ ڕێكار و تۆماركردنی ناوەكانیان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەپێی یاساو ڕێنماییەكان، ئەو كرێكار و پیشەوەرانەی كاردەكەن لە سنوورەكەمان دەبێت لە 75% كرێكاری ناو خۆیی و 25% كرێكاری بیانی بێت.
































































