باسم ناعیم بەرپرسی باڵای حەماس هۆشداریدا لەوەی ئەو گرووپە تۆنی بلێر، سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیای لە هیچ ڕۆڵێکدا بۆ غەززە قبوڵ ناکات.

لە لێدوانێکیدا بۆ سکای نیوز، ڕەخنەی لە پلانی تۆنی بلێر گرت بۆ سەرپەرشتیکردنی ئیدارە و داهاتووی غەززە و گووتی: هێشتا ڕۆڵی ئەو لە کۆمەڵکوژی ملیۆنان هاووڵاتی بێتاوان لە ئەفغانستان و عێراق لەبیرە و تا ئێستاش لەوە توڕەین.
ئەم بەرپرسەی باڵای حەماس زیاتر روونیكردەوە: حەماس ئامادەیە لە بەرژەوەندی قەوارەیەکی فەلەستینی بكشێتەوە، کە دوای شەڕ ئیدارەی غەززە بگرێتە ئەستۆ، بەڵام لەسەر زەوی دەمێنێتەوە و چەک دانانێت.
نەعیم کە لە ئیستا لە وڵاتی تورکیا نیشتەجێیە، گووتی: حەماس تەنها چەکەکانی ڕادەستی دەوڵەتێکی فەلەستینی دەکات و هێزەکانی تێکەڵ بە سوپای فەڵەستین دەبن.
بەپێی پێشنیازی دۆناڵد ترەمپ، تۆنی بلێر بەشێک دەبێت لە دەزگایەکی چاودێری نێودەوڵەتی بەناوی ئەنجوومەنی ئاشتی، کە سەرپەرشتی کاری کۆمەڵێک تەکنۆکراتی فەلەستینی دەکات و کاروباری فەلەستین بەڕێوەدەبات. هەروەها ئەنجوومەنی ئاشتی ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە ڕێنماییکردنی ئاوەدانکردنەوەی غەززە.

































































