وەرزش ـ زاری کرمانجی:
کریستیانۆ رۆناڵدۆی پۆرتوگالی و ئەستێرەی مانچێستەر یونایتد، لەدواین چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ پیتس مۆرگان، رۆژنامەنووسی بەریتانی، گۆمەکەی شلەقاند و کۆمەڵێک نهێنی نوێی درکاند.
رۆناڵدۆ، ئەمساڵ وەک پێویست لەلایەن راهێنەری یانەکەوە گرنگی پێنادرێت و فەرامۆشکراوە، لەزۆربەی یارییەکان یەدەگ ـە، ئەمەیش موشەکەکەی مادێرای نیگەران کردووە و وایکرد بێدەنگی بشکێنێت.
کریستیانۆ لەپەراوێزی ئاخاوتنەکانی بۆ مۆرگان دەڵێت: “من ڕێز لە تین هاگ ناگرم، چونکە ئەو هیچ رێزێک بۆ من پیشان نادات، ئەگەر رێزم نەگریت، ناچار نیم لەبەرانبەری رێز بنوێنم.”
یاریزانەکانی مانچێستەر یونایتد خیانەتیان لێکردووە.
رۆناڵدۆ دەڵێت: “لە مانچێستەر چەند یاریزانێک خیانەتیان لێ کردم ئەمەش جێگەی شەرمەزارییە.”
ئاماژە بەوەشدەدات: “دەبێت هاندەران راستییەکان بزانن، من باشترینم دەوێت بۆ یانەکە، بۆیەش هاتمە مانچێستەر یونایتد، بەڵام لەناو دەستەی کارگێڕی کەسانێک هەن، کە یارمەتیدەرمان نین بۆ گەیشتن بە بەرزترین ئاست وەک مانچێستەر سیتی، لیڤەرپووڵ و تەنانەت ئارسێناڵیش.”
لەسەر داوای فێرگسۆن نەچوەتە یانەیەکی تر.
کریستیانۆ ئەوەشی درکاند: “فێرگیسۆن پێی گوتم نابێت بڕۆیتە مانچێستەر سیتی، منیش بە داواکەی ڕازی بووم. لە دوای رۆشتنی فێرگیسۆن هیچ شتێک لە یانەکە نەگۆڕاوە بەڵکو خراپتر بوون.”
“فێرگیسۆن لە هەموو کەس باشتر دەزانێت چی باشە بۆ یانەکە بەڵام هەندێک کەس هەیە کوێرن و ئەو راستییانە نابینن.”
لەدرێژەی گووتەکانی وەڵامی وەین روونی دەداتەوە: “لێدوانەکانی وەین روونی، لە دژی من هۆکارەکەی ئەوەیە کە ئەو کۆتایی بە ژیانی وەرزشی هاتووە من ئێستاش لە بەرزترین ئاستمدام.”
دۆن، وەڵامی ئەوەش دەداتەوە کە بۆچی لەسەرەتای وەرز دواکەوت لەپەیوەندیکردن بە مەشقەکانی یانەکەی و هێما بۆ ئەوە دەکات: “کچەکەم لە مانگی 7 لە نەخۆشخانە خەوێندرابوو، بۆیە لە ئامادەکارییەکانی پێش وەرزی تیپەکەم بێبەش بووم. خێزانەکەم بۆ من هەموو شتێکە.”
لەدوا گوتەکانیدا رۆناڵدۆ ئەوەشی دەرخست: “کەسێکیان هێنا بە ناوی رانگنیک کە هیچی له راهێنەرایەتی کردن نەدەزانی.”