وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان راگەیەنراوێك لەبارەی تێپەڕبوونی 5 ساڵ بەسەر واژووكردنی رێككەوتنی شنگال بڵاو دەكاتەوە و تێیدا رایدەگەیەنێت “چەند كەس و هێزێك كە خۆیان لە سەرووی یاسا و دەوڵەتەوە دەبینن، بەربەستن لەبەردەم جێبەجێكردنی ڕێكکەوتنەكە و گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان”.
وەزارەتی ناوخۆ لە راگەیەنراوەكەدا دەڵێت “پێنج ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر واژووکردنی ڕێکەوتنی شنگال و هیچ کام لە تەوەرەکانی ئیداری و ئەمنی بونیادنانەوە جێبەجێ نەکراون”.
هەروەها دەڵێت “ئەو ڕێکەوتنە نەخشەڕێگەی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگالە بۆ دابینکردنی سەقامگیریی و ئۆقرەیی و گێرانەوەی متمانە بۆ ئاوارەکان تا بە ئازادی و سەربەرزی بگەڕێنەوە سەر زێدی باب و باپیرانیان، بۆیە جێبەجێکردنی کرایە بەشێک لە ڕێکەوتنی سیاسی لایەنە پێکهێنەرەکانی حکوومەتی ئێستا و بەرنامەی کاری وزاری حکوومەتی فیدراڵ”.
وەزارەتی ناوخۆ دەشڵێت “هەردوو حکومەتی هەولێر و بەغدا هەوڵیانداوە تەوەرەکانی رێکەوتنەکە جێبەجێ بکەن، بەڵام هەندێ هێز و کەسایەتی دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکان کە خۆیان لەسەرووی یاسا و رێکەوتن و دامەزراوەکانی دەوڵەت دەبینن، بەربەستی سەرەکی بەردەم جێبەجێکردنن، ئەمەش بۆتە هۆکاری بەردەوامی نەهامەتی ئاوارەکان و بێ ئومێدی و کۆچکردنی ژمارەیەکی زۆریان بۆ دەرەوەی وڵات”.
جەختیش دەكاتەوە “حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتاوە ئامادەبووە ئەرکی سەرشانی جێبەجێ بکات بۆ زەمینەسازی گەڕانەوەی خوشک و برایانی ئێزدی و هاووڵاتییانی دیکەی رەسەن بۆ زێدی خۆیان، بە نیگەرانییەوە لە بەردەوامی نەهامەتییەکانی ئاوارەکان دەڕوانین و ئۆباڵی هێشتنەوەی دۆخی ئەو ناوچەیە لەو بارە نائاساییە خراپە دەخەینە ئەستۆی ئەوانەی بە ئاشکرا ڕێگرن لە جێبەجێکردنی رێکەوتنی شنگال”.


































































