حکوومەتی ئەمریکا ئهمڕۆ پێنجشەممە سزای نوێی بەسەر نزیکەی 50 کەس و کۆمپانیا و کەشتی راگەیاند کە زۆربەیان لە كیشوەری ئاسیان و تۆمەتبارن بە بەشداریکردن لە فرۆشتن و گواستنەوەی نەوت و غازی ئێران.
وەزارەتی گهنجینهی ئەمریکا له بهیاننامهیهكدا رایگهیاندووه، سزاکان تۆڕێک دەکەنە ئامانج کە تۆمەتبارن بە ئاسانکاری بۆ گواستنەوەی سەدان ملیۆن دۆلار لە هەناردەکردنی وزەی ئێران و دابینکردنی پارەی گرنگ بۆ رێژیمی ئێران و پاڵپشتیکردنی ئەو گرووپە تیرۆریستییانەی کە هەڕەشە لە ئەمریکا دەکەن.
سزاکان نزیکەی 20 کەشتیی ئێران لەخۆ دەگرن کە وێستگەیەکی نەوتییە لە چین و پاڵاوگەی بچووکی سەربەخۆی چینی سهرپهرشتی دهكات.
بەگوێرەی راگهیهنراوی وهزارهتی گهنجینهی ئهمهریكا، ئەمە خولی چوارەمی سزاکانە کە پاڵاوگە سەربەخۆکانی چینی کردۆتە ئامانج، هەروەها کۆمپانیاکانی ئیماڕاتیش دەگرێتەوە کە تۆمەتبارن بە ئاسانکاریكردن بۆ بازرگانی نەوت و غازی ئێران.
زۆربەی ئەو کەشتییانەی سزایان بەسەردا سەپێنراوە، لەژێر ئاڵای وڵاتی پەنەما دەڕۆن، هەروەها ژمارەیەک وڵاتی ئەفریقاش وەک گامبیا و کۆمۆرۆس له لیستی سزاكاندا دهبینرێن.

































































