زاری كرمانجی:
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاند ڕۆژی یەکشەممە 12ـی تشرینی یەکەم، گرێبەستی پڕۆژەی ئاوی دووکان-سلێمانی3 واژۆ دەکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 9ـی تشرینی یەکەمی 2025، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: “بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ئاوی دووکان-سلێمانی٣ بە گوژمەی (423,890,000$) چوار سەد و بیست و سێ ملیۆن و هەشت سەد و نەوەد هەزار دۆلار، جێبەجێ دەکرێت.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، ئەم پڕۆژەیە، کێشەی کەمئاوی لە شاری سلێمانی، بۆ ماوەی 30 ساڵی دیکە چارەسەر دەکات.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی بەوەش کردووە، مەسرور بارزانی بڕیاری دا گوژمەی پڕۆژەکە لە (398.486,000$) سێسەد و نەوەد و هەشت ملیۆن و چوارسەد و هەشتا و شەش هەزار دۆلار بۆ (423,890,000$) چوار سەد و بیست و سێ ملیۆن و هەشت سەد و نەوەد هەزار دۆلار زیاد بکات.
گرێبەستی پڕۆژەکە لە نێوان وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و کۆمپانیای جێبەجێکار، ڕۆژی یەکشەممە لە دیوانی وەزارەت واژۆ دەکرێت.
































































