سەردار قازی – سۆران:
یانەی سۆران، لە وەرزی نوێی خولی یانە نایابەکان، بە دۆخێکی ناسەقامگیر گوزەر دەکات، لەکۆتا پلەی ڕیزبەندی خولەکەیە.
تا دێ دەنگی ناڕەزایی هاندەرانی یانەکە بەرزتر دەبێتەوە، و ناڕەزایی ئەوان لەئاست و ئەنجامی یانەکە، لەترسی گەڕانەوەی هەنگاوێک بۆ دواوەوە سەرچاوە دەگرێت.
سدقی مەحموود، سەرۆکی یانەی وەرزشی سۆران، دڵنیایی دەدات بەوەی، بەتینێکی گەرمترەوە دەگەڕێنەوە نێو کێبڕکێ.
سدقی دەڵێت: “ڕاستە ئەنجامەکان بۆ ئێمە و هاندەران جێگەی دڵخۆشی نین، ئەمساڵ تیپێکی جیاوازتر و باشترین، بەڵام پێکانی هەندێ یاریزان کاریگەری کردە سەر ئاستی یانەکەمان بە تایبەتی گۆڵپارێز.”
درێژەی پێدەدات: “خاڵەکانی یانەکان لە ڕیزبەندی زۆربەیان لەیەکتری نزیکن دەکرێت بە سەرکەوتنێک چەند ڕیزێکی تر ببڕین و سەرکەوین بۆ پلەکانی پێشەوە.”
سەرۆکی یانەکە، فاکتەرێکی دیکەی ئەنجامە خراپەکانی یانەکەی دەخاتەروو: ” یاریزانەکانمان ئاسوودەنین تا دەگەنە ئاستی چاوەڕوانکراویان، بۆیە هەمویان بڕیاریانداوە کە بجەنگن لەنێو یاریگە بۆ بردنەوە و دڵخۆشکردنی جەماوەری یانەکەمان.”
سۆران، لە 6 یاریی بردنەوەیەک، دوو یەکسان بوون و سێ شکستی هەیە، یاریزانانی سۆران 7 گۆڵیان تۆمارکردووە، هاوکات خاوەن خراپترین هێڵی بەرگری خولەکەن بەوەی 14 جار تۆڕەکەیان هەژێندراوە.