فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی، تاقیکردنەوە لەسەر تۆپێکی نوێ بۆ مۆندیالی داهاتوو دەکات، کە دەکرێ شۆڕشێکی گەورە لە تۆپی پێی جیهانیدا بهێنێتە ئاراوە.
فیفا خۆی بۆ رێکخستن و بەڕێوەبردنی مۆندیالی 2026 لە ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا ئامادە دەکات، دەستیکردووە بەتاقیکردنەوە لەسەر تۆپێکی تایبەت بەمۆندیالەکە کە بەتۆپی زیرەک ناسراوە و دەتوانێت زۆر ئەرکی نوێ لە کاتی یارییەکاندا جێبەجێ بکات.
تۆپە نوێیەکە، چیپێکی تایبەتی تێدایە کە وەک هەستەوەر کاردەکات و هەموو بەرکەوتنەکانی یاریزانان لەگەڵ تۆپەکە تۆمار دەکات. ئامانجی سەرەکیی ئەم تەکنەلۆجیایە، یارمەتیدانی دەستەی ناوبژیوانانە بۆ ئەوەی یارییەکان دادپەروەرانەتر بەڕێوەببەن.
یەکێک لە سوودە سەرەکییەکانی ئەم چیپە، دیاریکردنی وردی ئۆفسایدە. کاتێک پاسێک دەدرێت، چیپەکە ئەو ساتە بە وردی دیاری دەکات، ئەمەش زۆربەی کات یارمەتیی ناوبژیوان دەدات لە بڕیاردان لەسەر ئۆفساید، بەبێئەوەی ناوبژیوانی سەرەکی، پێویستی بە گەڕانەوە هەبێت بۆ سیستمی ڤیدیۆیی یارمەتیدەری ناوبژیوان (VAR)، چیپەکە هەروەها دەتوانێت دیاری بکات کە ئایا تۆپ بەر دەستی یاریزانێک کەوتووە یان نا.
هەرچەندە دانانی چیپ لەنێو تۆپدا کەمێک کێشی تۆپەکە زیاد دەکات، بەڵام دیزاینەرانی تۆپەکە، توانیویانە قەرەبووی ئەمە بکەنەوە. ئەوان لە رێگەی پێداچوونەوە بە شێواز و پێکهاتەی نێو تۆپەکان، دڵنیابوونەتەوە کە کێشی کۆتاییی تۆپەکە وەکو تۆپێکی ستانداردی یارییەکان دەمێنێتەوە.
تۆپەکە کە چاوەڕێ دەکرێت پاش کۆتایی هاتنی تاقیکردنەوەکان و پەسندکردنی لەلایەن فیفاوە لە مۆندیالی داهاتوودا بەکاربهێنرێت، چەندین تاقیکردنەوەی لەسەر کراوە بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی هیچ یاریزانێک هەست بە بوونی هەستەوەرەکەی ناوی ناکات. ئەمەش لە تاقیگە و لەلایەن یاریزانانەوە پشتڕاستکراوەتەوە، بۆ ئەوەی تۆپەکە پارێزگاری لە کارلێکی ستانداردی خۆی بکات. چاوەڕوان دەکرێت ئەم تەکنەلۆجیایە نوێیە، داهاتووی بڕیارەکانی ناوبژیوان و بە گشتی، یاریی تۆپی پێ بگۆڕێت.

































































