ئاژانسی هەواڵیی “ئیسنا ” ئهمڕۆ چوارشەممە رایگهیاندووه ، ئێران باڵوێزەکانی ئەوروپای لە تاران بانگهێشت کردووه، بههۆی ئهو دهستوهردانه راستهوخۆیانهی كه وڵاتانی ئهوروپا له دۆسیهی ئهتۆمیی ئهو وڵاتهدا دهیكهن.
ئەم بانگهێشتنامەیە دوای ئەوە هات کە بەیاننامەیەکی هاوبەش لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی هاوکاری کەنداو و یەکێتیی ئەوروپا كه رۆژی دووشەممە لە کوەیت بەڕێوەچوو دهركرا، كه تیایدا داوای لە تاران کرد کۆتایی بە داگیرکارییەکانی لە تونبی گەورە، تونبی بچووک و ئەبو موسا بهێنێت کە ئیمارات بانگەشەی بۆ دەکات، لە کاتێکدا کۆماری ئیسلامی بە بەشێک لە خاکەکەی دهیزانێت.
بە پێی راپۆرتی “ئیسنا”، مەجید تەخت ڕەوانچی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران باڵوێزەکانی لە تاران بانگهێشت کردووە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی تووندی خۆی لە بەرامبەر بانگهوازیی بێ بنەما بۆ سەروەری ئەو سێ دوورگەیە كه له سنووری خاكی ئێران دایه.
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رەخنەی لە بەیاننامەی هاوبەشی ئەوروپا و کەنداو گرت سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران و بە “دەستێوەردانێکی ئاشکرا” وەسفی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە توانای بەرگریی ئێران بەشدارە لە سەقامگیری ناوچەکە.
لە بەیاننامەکەدا داوا لە ئێران کراوە هاوکاری تەواو لەگەڵ ئاژانسیی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیی دەستپێبکاتەوە، کە تاران دوای چەند مانگێک لە گرژی و شەڕی مانگی حوزەیران لەگەڵ ئیسرائیل رایگرتووه.
هەروەها داوای لە تاران کردووە پابەند بێت بە کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە و سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.
جێی باسه، تاران رۆژی دووشەممە دووپاتی کردەوە کە هیچ نیازێکی نییە لەم قۆناغەدا دانوستانەکانی لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپایی سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەستپێبکاتەوە.


































































