پێشبینی دەكرێت لە كۆتایی ئەم هەفتەیەدا شەپۆڵێكی خۆڵبارین ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بگرێتەوە، لە هەمانكاتدا پلەكانی گەرماش بەرەو نزمبوونەوە دەچن.
هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی شارەزای كەشناسی دەڵێت: پێشبینی دەكرێت لە ئێوارەی رۆژی پێنجشەممەوە شەپۆلێکی تری خۆڵبارین ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکات، کاریگەری شەپۆڵەكە هەتا ڕۆژی هەینی بەردەوام دەبێت .
شارەزاكەی كەشناسی هەروەها دەڵێت: پێشبینی دەكرێت هەر لە رۆژی پێنجشەممەوە پلەکانی گەرما بەڕێژەیەكی بەرچاو دابەزن، بەتایبەت لە ڕۆژی هەینیدا كە پێشبینی دەكرێت لە سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی كوردستان پلەکانی گەرما 7 تا 10 پلەی سیلیزی دادەبەزێت.
هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی ئاماژەی بەوەش دا، بەهۆی ئەم دابەزینەی پلەی گەرما، كەشوهەوا بەتەواوی فێنك دەبێت بەتایبەت لە شەواندا كە کەشەكە تاڕادەیەك بەرەو ساردی دەچێت.

































































