ئەنجوومەنی هاوکاریی کەنداو و یەکێتیی ئەورووپا ڕۆژی دووشەممە لە کۆتایی 29هەمین کۆبوونەوەی هاوبەشیان بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە و داوایان لە کۆماری ئیسلامی کرد کە پەرەپێدانی مووشەکی بالیستیک، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تەکنۆلۆژیای دیکە کە هەڕەشە لە ئاسایشی ناوچەکە دەکەن ڕابگرێت و هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بکات.
وەزیرانی ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو – کە پێکهاتووە لە سعودیە، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، بەحرەین، کوەیت، عومان و قەتەر – و یەکێتیی ئەورووپا جەختیان لەوە کردەوە، بۆچوونیان لە بارەی ئێران لە پرسگەلێکی وەک دەستەبەرکردنی سروشتی ئاشتیانەی چالاکییە ئەتۆمییەکانی و ڕاگرتنی پەرەپێدانی مووشەکی بالیستیکی هاوبەشە.
هەروەها لە بەیاننامە هاوبەشەکەدا ئیدیعایەکی دووبارەی سەبارەت بە سێ دوورگەی ئێران کردووە.
هەر لەو بەیاننامەیەدا جەختی لەسەر پێویستی دەستپێکردنەوەی هاوکارییەکانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی کردووە و داوای لە تاران کردووە بگەڕێتەوە سەر ئەرکەکانی بەپێی یاسا و بنیادنانی متمانە.
































































