فازڵ میرانی
مەبەستم لەم وتارە کورتەدا ئەوەیە، ناونیشانەکەی بە (بۆ ئەوەی ڕوونەدات) تەواو بکەم، ئەمەیش دوای ئەوەی مەتنی ئەدا و ئاراستەی سیاسی دەیچەسپێنێت، كە پێویستە پلان دابڕێژێت و كاربكات بۆ ئەوەی خۆی بپارێزێت لە مەترسییەكانی ئەوەی، كە ڕەنگە ڕووبدات، زۆرینەی سیستەمە حوكمڕانەكانی ڕۆژهەڵات، ئەوانەی نائارامیی ئاشکرا یان شاراوەیان لەناوخۆدا هەیە، هاوشێوەی ئەو نموونانەن كە هێشتا خۆیان بە پەتێكی ئاگرین یان زیاتر لە پەتێك هەڵواسیووە.
ئەو پەتانەی بۆ ڕزگارکردن فڕێ دەدرێن، هەمیشە پەتی بەهێز و پتەون، لەلایەن کەسانی شارەزا و ڕاهێنراو لەسەر فریاگوزارییەوە، فڕێ دەدرێن، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: بۆچی تاک (كە مەبەستم سیستەمە) دەگاتە شوێنێک، کە مەترسی لە هەموو لایەکەوە گەمارۆی دابێت و هیچ چارەیەکی دیكەی نەمێنێت، جگە لە چاوەڕوانی فریادڕەسێك؟
ئەگەر ئەمە ڕوویدا (کە بۆ مرۆڤی ئاسایی شتێکی ئاسان و چاوەڕوانکراوە)، بەڵام نابێت لەگەڵ سیستەمی حوكمڕانی ڕووبدات، ئەگەرچی ڕووشیداوە، چونکە تێڕوانینی بەرتەسک، لەدەستدانی ئاراستەی ڕاست و دروست، کەڵەکەبوونی بەرژەوەندی لەسەر هەڵەکان و ئەو شێوازە کارکردنەی کەلێن و بۆشایی دروست دەکات و زیان بە بەرژەوەندییەکانی مانەوەی سیستەمەکە دەگەیەنێت، هەموو ئەمانە مادەی گڕگرتنن لەناو ژینگەیەکی داخراودا، کە ئامرازەكانی سەلامەتییەکەی کۆنن یان بێ سوودبوونە.
ئیجا ئەگەر ڕزگارکردنەکەش ڕوویدا (هەڵبەت ئەگەر ڕووبدات) ئەوا بە شۆڕکردنەوەی پەتێک ڕزگاری دەبێت، كە لە ڕووی سیاسییەوە، پەتێکی لەمشێوەیە هەرگیز لەدەرەوەدا (لەپێناوی خوا) فڕێ نادرێت، بەڵکو ئامانج و چاوەڕوانیی کۆمەڵێک نرخ و بەرژەوەندیی لەبەردەمدایە، کە دەکرا ئەوەیان لە پێشتردا، بۆ ڕێگریكردن لە سووتان و گەمارۆدانەکە بکرایە.
هەندێک لەو پەتانەی ڕزگاركردن، کە سیستەمەکە خۆی بۆ خۆی ئامادەیان دەکات، لە سووتەمەنی هەڵكێشراون، کاتێک ئەوەی بووەتە قوربانیی نزیکبوونەوەی ئاگرەكە، دەستی پێوە دەگرێت و پێی هەڵدەکشێ بۆ دەربازبوون، تووشی شۆک دەبێت و دەبینێت گڕی ئاگر لە سەرەوە چاوەڕێی دەکات، ئینجا یان دەیسووتێنێت، یانیش دەکەوێتە خوارەوە.
ئەو سیستەمەی کە خۆی بە پشتیوانییەکی جەماوەریی هاوسەنگ پاراست بێت، دەزگا و دامەزراوەی کارگێڕی و بەڕێوەبردنی هەبێت، کە لە پەیوەندی بەردەوامدا بێت لەگەڵ پێداویستییەکانی هاووڵاتییان، یاساکانی نوێ بکاتەوە و ڕێزیان لێ بگرێت، یاری بە وەهمی دروستکردنی هاوسەنگیی نەکات، بەبێ ئەوەی حیساب بۆ زیانەکانی لەسەر هاووڵاتیانی دەوڵەتەكەی بکات، دڵنیابێت لەسەر بەدیهێنانی دادپەروەریی بە هەموو شێوازێک كە لەتوانایدا هەیە، سیستەمێکی لەمشێوەیە هەرگیز خۆی بە گەمارۆدراویی لەناو ئاگردا نابینێتەوە، خۆ ئەگەر (ئاگرێکیش) ڕووبدات، ئەوا کوژاندنەوەی دەبێتە ئەرکی هەموو ئەو تاکانەی کە هەستی ئینتیما و خاوەندارێتییان هەیە، بە پێچەوانەشەوە، ئەوەی ئاگر کۆتایی پێ نەهێنێت، دووکەڵەکەی دەیخنکێنێت.





























































