ئەمڕۆ دووشممە ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران بە مەبەستی ئەنجامدانی كۆمەڵێك پڕۆژە سەردانی پارێزگای هەڵەبجەی كرد و دوای كۆبوونەوە لە گەڵ پارێزگار و بەرپرسانی باڵای ئەو پارێزگایە، كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لەگەڵ پارێزگاری هەڵەبجە و ئەنجوومەنی پاڵشتی شارەکە ئەنجامدا.
لە کۆنگرەکەدا ڕایگەیاند لەسەر فەرمانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی سەرجەم داواکارییەکانی هەڵەبجە جێبەجێکران، ئەمەش بەرهەمی سەردانی ئەنجوومەنەکە بوو بۆ لای سەرۆک بارزانی.
هەندێك لەو پڕۆژانەی ئەمڕۆ بڕیاریان لەسەر درا و راستەخۆ دەكەونە واری جێبەجێ كردنەوە زۆرینەی سێكتەرەكانی خزمەتگوزاری لە خۆ دەگرێت لەگەڵ دامەزراندنی 250 كەس وەك فەرمانبەر و كار كردن بو بە نێو دەوڵەتی كردن دەروازەی سنووری سازان.
پڕۆژەكان بریتین لە:
- ئەنجامدانی پڕۆژەی جۆراوجۆر بە بڕی ٢٥ملیار دینار لە پارێزگای هەڵەبجە.
- لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە چاودێری پڕۆژەکان دەکرێت.
- بۆ پتەوکردنی کارگێری هەلەبجە بڕیار درا 250 کەسی دیکە دابمەزرێن
- سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی وەزارەتی ناوخۆی ڕاسپارد بۆ ئەوەی دەروازەی سازان بە نێودەوڵەتی بکرێت لە ئەمڕۆشدا بە فەرمی وەک دەروازەیەکی ناوخۆ ناسێندرا.
- قەرەبووکردنەوەی خەڵکی هەڵەبجە بکرێتەوە لە بودجەی سیادی
- دروستکردنی پارک و نەخۆشخانە و بۆردێکی تەندروستی بۆ چارەسەری بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی
- پلانی پارێزگاری هەڵەبجە بۆ گەشتوگوزار کە پێشکەش کرابوو پەسەند کرا
- لیژنەیەک دروستکرا کە کێشەی زەوی زاری هەڵەبجە چارەسەر بکرێت
لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، گرینگییەكی تایبەت بە پارێزگای هەڵەبجە دراوە و ئێستا وەك یەكەم پارێزگا لەسەر ئاستی هەموو عێراق و هەرێمی كوردستان لە رێگەی پڕۆژەی رووناكییەوە خاوەن كارەبای 24 كاتژمێرییە.

































































