موڕشید برادۆستی – زاری کرمانجی :
تیمەکانی پڕۆژەی ڕووناکی لە شار و شارۆچکەکان بوردەوامن لە جێبەجێ کردنی پڕۆژەکە و ئامادەکردنی کارەبا بۆ 24 کاتژمێری، لە ئیدارەی سۆرانیش کارەکان لە قۆناغی کۆتایدان .
سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سۆران، بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند:” تیمەکانی پڕۆژەی ڕووناکی لە هەریەک لە قەزاکانی ناوەندی سۆران، ڕواندز، خەلیفان، چۆمان، مێرگەسۆر کارەکانیان کۆتایی پێهێناوە، لەم ڕۆژانەی دوایشدا بەشێکی قەزای سیدەکان مابوو تەواو کراوە .
ئاشکراشی کرد:” بەشێوەیەکی گشتی کارەکانی پڕۆژەی ڕووناکی لە ئیدارەی سۆران بە قەزا و ناحیەکانیشەوە تەواو کراوە و ئامادە کراوە بۆ کارەبای 24 کاتژمێری .
گووتیشی:” بڕیاردان لە گۆڕانکاری کارەبا بۆ 24 کاتژمێری لەدەسەڵاتی تیمی ئەنجوومەنی وەزیرانە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی ئێمە لە مانگەدا کارەبای ئیدارەی سۆران بەشێوەیەکی گشتی دەکرێتە 24 کاتژمێری و هاووڵاتییان سودمەند دەبن لە کارەبای بەردەوام .


































































