محەممەد مەحموود- سۆران:
دوای ئەوەی دەستکرا دابەشکردنی مووچەی مانگی 7 ی فەرمانبەران ، ئەمڕۆ دووشەممە لەسەر داهاتی ناوخۆ مووچەی مانگی 7 ی مامۆستایانی گرێبەست دابەشدەکرێت.
ئەسعەد غەفوور ، نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست لە ئیدارەی سۆران بە زاری کرمانجی راگەیاند” ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکەوتی ٦-١٠-٢٠٢٥ لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەستدەکرێت بە دابەشکردنی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست بۆ مانگی 7 “.
نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست لە ئیدارەی سۆران ئاماژەی بەوەشدا ” ژمارەی مامۆستایانی گرێبەست لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران 4432 مامۆستان، کۆی مووچەکەشیان بۆ هەر مانگێک 2 ملیار و 142 ملیۆن و 400هەزار دینارە، لەکۆی 38هەزارو 930مامۆستاگرێبەست لە تەواوی کوردستان حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر داهاتی ناوخۆ، بڕی 20ملیارو 100ملیۆن دینارە وەک مووچەی هەر مانگێک دەداتە مامۆستایانی گرێبەست.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووریش بڵاویکردەوە ” ڕۆژی دووشەممە ( ٦ ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ ) مووچەی مانگی تەمووزی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی دابەش دەکرێت.
هاوکات مووچەی مانگی تەمووزو مووچەی مانگی کانونی دووەمی
ساڵی ( ٢٠٢٥ ) ی سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە دابەش دەکرێت کەلەدوای ( ٢٠٢٤/٧/١ ) بەشێوەی گرێبەست و هەمیشەیی لەسەر میلاکی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم دامەزراون کەشایستەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.
































































