مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :

كەناڵی فۆكس نیووزی ئەمەریكی لە ڕاپۆرتێكی دا ئاشكرای دەكات بە كشانەوەی سوپای ئەمەریكا لە عێراق هەڵكشانی هەژموونی ئێران لە ناوچەكە زیاتر دەكات و دەرفەتی زیاتریش بۆ جموجۆڵی گرووپە شیعەكانی سەر بە ئێران دەڕەخسێنێت، كە ئەمەش لە بەرژەوەندی كورد و سوونەدا نییە .
لە ڕاپۆرتەكەی (فۆكس نیووز) كە دوێنێ یەكشەممە ٥ـى تشرینی یەكەم بڵاوكرایەوە، هاتووە “هاتنە دەرەوەی ئەمریكا لە عێراق، كەلێنێكی گەورەی ئەمنی دروست دەبێت بە تایبەت لە پرسی توانا هەواڵگری و تەكنۆلۆژیا پێشكەوتووەكان كە لەلایەن واشنتنەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەكانی داعش لە عێراق دەستەبەركرابوون.”
دەشڵێت “ئێران هەمیشە چاوەڕێ دروستبوونی بۆشایییە لە ناوچەكە، بۆ ئەوەی بە زوویی پڕی بكاتەوە، نموونەش ئەفغانستان دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا، ئێران دەستی كرد بە هاوكاریكردنی بزووتنەوەی تاڵیبان و لە عێراقیش تا ئێستا هاوكاریی و پشتیوانی میلیشیا شیعەكانی كردووە.”
سەرچاوەیەكی ئەمنیی كە ناوەكەی ئاشكرا نەكراوە بە فۆكس نیووزی ڕاگەیاندووە “كشانەوەی ئەمریكا دەرفەت بۆ جموجۆڵی بەرفراوانی گرووپە شیعەكانی سەر بە ئێران دەڕەخسێنێت و ئەوەش نیگەرانی هێزە كوردی و سوننەكانی لێ دەكەوێتەوە.”


































































