وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە “کۆچ بەرپرسیارەتییەکی جیهانییە و پێویستی بە چارەسەری ڕیشەیی هەیە”. داواش لە گەنجان دەکات، کۆچ نەکەن، بەڵکوو لە ڕێگەی پەرەپێدانی توانەکانیان، کوردستان پێشبخەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 05ـی تشرینی یەکەمی 2025، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکەمین دیداری پەیماننامەی کۆچ لە هەرێمی کوردستان، لە گوتارێکدا ڕایگەیاند “ئەم دیدارە ڕەنگدانەوەی هاوبەشمانە بۆ پێشخستنی حووکمڕانی کۆچ لە ڕێگەی هاوبەشی و گفتوگۆ.”
وەزیری ناوخۆی حکووومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە “کۆچ تەنیا کێشەیەکی ناوچەیی و نیشتمانی نییە، بەڵکوو بەرپرسیارێتییەکی جیهانییە؛ پێویستی بە ڕێبازێکی گشتگیری حکوومەت و تێگەیشتنی هاوبەشی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵە بۆ چارەسەرکردنی..”
وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بە مێژووی سەد ساڵی ڕابردووی کوردستان کرد و گوتی، “ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق دەستیان نەپاراست لە ئاوارەکردن و ناچارکردنی میللەتی ئێمە کە وڵاتی خۆیان بەجێبهێڵن، تەنیا لەبەرئەوەی خەڵکی کوردستان بۆ ئازادی و سەربەستی تێکۆشاون.”
ڕێبەر ئەحمەد ڕوونیکردەوە، دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی 2003 و باشتربوونی دۆخی ئابووریی هەرێمی کوردستان تا ساڵی 2014، شەپۆلێکی پێچەوانەی کۆچ دەستیپێکرد و هەزاران خێزان و خاوەن بڕوانامە گەڕانەوە نیشتمان. هەروەها گوتی: “لەکاتی شەڕی داعشدا هەزاران لاو و پێشمەرگەی دێرین لە ئەورووپاوە گەڕانەوە بۆ بەرگریکردن لە نیشتمان.”
ڕێبەر ئەحمەد جەختی لەسەر هەوڵەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە بۆ ڕەخساندنی هەلی کار و کەمکردنەوەی کۆچ و گوتی: “هەوڵی جددیمان داوە بۆ ئەوەی هاووڵاتی سەنتەری هەموو پرۆژە و کارەکانی حکوومەت بێت.” ئاماژەی بەوەدا، تەنیا لە کەرتی کشتوکاڵدا هەزاران دەرفەتی کار ڕەخسێندراون و لە ڕێگەی پڕۆژەکانی وەک “هەژماری من” و بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان، هەوڵی بنیادنانی ژێرخانێکی بەهێز دراوە.
وەزیری ناوخۆ باسی لەوەش کرد، کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت پابەند کراون کە 75%ـی دەرفەتەکانی کاریان بۆ کرێکاری خۆماڵی تەرخان بکەن و وەزارەتی ناوخۆش هێنانی کرێکاری بیانی سنووردار کردووە.
وەزیری ناوخۆ داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی دۆست کرد پشتگیریی زیاتر لە هەوڵەکانی حکوومەتی کوردستان بکەن بۆ پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکان، بە ئارامی هێشتنەوەی هەرێم و پارێزگاری لە کیانی دەستووریی و دامەزراوەکانمان بکەن؛ چونکە ئەمە زەمانەتی کەمکردنەوەی دیاردەی کۆچی نائاسایی هاووڵاتییانە بۆ ڕۆژئاوا.”
ڕێبەر ئەحمەد داوای لە وڵاتانی خانەخوێ کرد، ڕەچاوی دۆخی هەرێمی کوردستان بکەن و ئەو هاووڵاتیانەی مافی مانەوەیان نییە “بەناچاری ڕەوانەیان نەکەنەوە”. هاوکات داوای لە حکوومەتی فیدراڵیش کرد “پابەند بێت بە جێبەجێکردنی دەستوور و دابینکردنی شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان.”
وەزیری ناوخۆ پەیامێکی ئاراستەی گەنجانی کوردستان کرد و گوتی، “داوا لە لاوانی کوردستان دەکەم، ڕێگەی کۆچی نایاسایی نەگرنەبەر، چونکە مەترسیی زۆری لە ڕێگەیە. لەبری کۆچکردن، پەرە بە تواناکانی خۆتان بدەن و بەشداری لە پێشخستنی کوردستان بکەن.”
































































