ئەمڕۆ یەکشەممە، 05ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە گوتارێکدا لە ھەشتەمین ئیڤێنتی “تیدێکس نیشتمان” ڕایگەیاند “پرۆژەی ڕۆناکی یەکێک بوو لەو پرۆژانەی کە باوەڕ بکەن کەس بڕوای نەدەکرد ئێمە بتوانین لە ماوەیەکی وا کەمدا بتوانین کارەبای 24 کاتژمێری لە کوردستان دابین بکەین.”
مەسرور بارزانی گوتی “هەر بۆ بەراوردکردن، حکوومەتی فیدراڵی عێراق زیاتر لە 200 ملیار دۆلاری تەرخان کردووە بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری، بەڵام تا ئێستا نەیانتوانیوە ئەو کارە بکەن. ئەمەش بە هەوڵ و کۆششی گەنجە خۆشەویستەکانی ئێمە کە شەو و ڕۆژ خەریک بوون و یارمەتیدەری وەزارەتی کارەبا بوون، لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی تر کە بتوانن کارەبای 24 کاتژمێری دابین بکەن.”
سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەش کرد “شوکر بۆ خوا ئەمڕۆ هەموو سەنتەری شارە گەورەکانی کوردستان خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێرین. پارێزگای هەڵەبجە بە شانازییەوە یەکەم پارێزگایە لەسەر ئاستی عێراق کە کارەبای 24 کاتژمێری لەسەرتاسەری پارێزگاکە هەیە. و تا کۆتایی ساڵی 2026، هەموو کوردستان بە هەموو گوند و شار و لادێیەکەوە، دەبێتە خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێری. ئەمەش دەستکەوتێکی گەورەیە و حەقە شانازی بە خۆتانەوە بکەن، چونکە ئەمەش دەستکەوتی خۆتانە. جارێکی تر سپاستان دەکەم.”






























































