ئەمڕۆ یەکشەممە 10/5، مەسرور بارزانی سەرۆكی حکوومەتی هەرێمی كوردستان, پێشوازی لە شاندێکی ڕەوەندی کوردستانی نیشتەجێی ئەوروپا کرد کە لە سەد گەنجی کورد و ژمارەیەک گەنجی بیانی پيکهاتبوون.
سەرۆکی حکوومەت لە وتەیەکدا وێڕای بەخێرهێنانیان، ئاماژەی بە گرنگیی ڕۆڵی ڕەوەندی کوردستانی لە دەرەوەی وڵات کرد لە ناساندنی زیاتری پرسی کورد و پشتیوانیکردنی مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان.
سەرۆکی حکوومەت داواشی لە گەنجانی کورد کرد کە پارێزگاری لە کولتوور و زمان و ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان بکەن و ببنە پردی پەیوەندیی لەگەڵ کوردستان.
هەروەها داواشی لێکردن کە نموونەیەکی باش و جوان و سەرکەتوو بن لە نێو ئەو کۆمەڵگانەی تێیدا دەژین و سوود لەو دەرفەتانە وەربگرن کە لە دەرەوە هەن بۆ خۆپێگەیاندن و پێشخستنی تواناکانیان.
جگه لهوه ، سەرۆکی حکوومەت تیشکی خستە سەر چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەموو کەرتەکاندا، لەپێناو بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی ئابووری لە هەرێمی کوردستان .

































































