ماڵپەڕی هەواڵی (وای نێت) دوێنێ بە پشتبەستن بە لێدوانی چەند بەرپرسی بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ئێستا تەلئەبیب هیچ هەڕەشەیەکی جددی و ئاماژەی هێرشی نزیک لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێران بەدی ناكات و ئیسرائیلیش هیچ پلانێکی بۆ هێرشی پێشوەختە بۆ سەر تاران نییە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی (وای نێت)، کاربەدەستانی ئیسرائیل جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ئێران توانای زیندووکردنەوەی “بەرنامەی چەکی ئەتۆمی”ی لەدەست داوە، بەڵام خەریکی بنیاتنانەوەی توانا مووشەکییەکانی خۆیەتی؛ پرۆسەیەک کە زۆر بە هێواشی بەردەوامە بەهۆی سنوورداربوونی دەستڕاگەیشتن بە ئامێری تایبەتمەندەكانەوە، بۆ بەرهەمهێنانی سووتەمەنی ڕەق بۆ موشەکی مەودای دوور پێویستە .
ئەڤیگدۆر لیبەرمان، وەزیری پێشووی بەرگری ئیسرائیل هۆشداریی دا لە “بنیادنانەوەی خێرای سیستەمی بەرگری و چەکی ئێران” و داوای لە هاووڵاتییانی ئیسرائیل کرد کە لە جەژنی سوکۆت (یەکێکە لە سێ جەژنی گەورەی جولەکەکان) وریا بن. بەڵام سەڕچاوەی باڵا له هێزەکانی بەڕگری ئیسرائیل ڕایگەیاند ” هیچ ئاماژەیەکی ئامادەکاری یان بیرکردنەوەی هێرشی تاران له ئارادا نییه و تەلئەبیبیش هیچ نیازێکی نییه ئۆپەڕاسیۆنی سەڕبازی دەستپێ بکات.
ڕاپۆرتەکە دەشڵێت، نیگەرانییەکانی بەرپرسانی ئیسرائیل زیاتر پەیوەندییان بە دەرکردنی پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لەلایەن تاران و هەوڵەکانی بۆ بەهێزکردنی هێزەکانی بە وەکالەت لە ناوچەکە و کۆگاکردنی نزیکەی 400 کیلۆگرام لە یۆرانیۆمی پیتێنراو لەسەدا 60، کە مادەیەکە دەتواندرێت بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی یان “بۆمبی مەترسیدار” بەکاربهێنرێت، بەڵام هیچ نیشانەیەک نییە بۆ کردەوەیەکی لەو شێوەیە. شرۆڤەکارانی ئیسرائیل جەختیان لەوە کردووەتەوە ئێستا هیچ نیشانەیەکی شەڕ لە ئارادا نییە، بەڵام لە دۆخێکی ناوچەیی پڕگرژیدا تەنانەت “هەڵە تێگەیشتنێکی حیسابکراو” دەتوانێت ببێتە هۆی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی نەخوازراو.

































































