محەمەد ئامۆكەیی- زاری كرمانجی:
ئەكرێت لە كات و شوێنێكدا كە مرۆڤ تووشی تێكشكاندن دەبێ هانا بۆ شیعر بەرێت وەك ئەوەی ماڵی شیعر ماڵی دۆزینەوەی ئەو منەیە كە واقع تێكم دەشكێنی و لەو ماڵەدا خۆمی هەقیقی دەدۆزمەوە، ئەمە دەربڕینی نووسەر و شاعیر بەیان ئیبڕاهیم، سەرەتای پێگەشتنی ژیانم بووە و كەوتووەتە بیركردنەوە لە ژیان دۆستی و مرۆڤ دۆستی، خانمە شاعیر بەیان ئیبڕاهیم، لە دیدارێكی زاری كرمانجی بۆچوونی خۆی لەسەر دونیای شیعر و تێكەڵ بوونی عەشق بەرۆحی مرۆڤ باس لێوە دەكات و دەڵێ” شیعر مانای ژیانە بە فۆڕمی ژیان دۆستی و تێكشكاندن و سەرلەنوێ ڕەسمكردنەوەیەتی لە سیاقی زماندا و پاشان تەكنیكی وێنە و داڵ مەدلول و هارمۆنیەت، دەكرێ شیعر زیاد لە مانایەك هەڵبگرێ وەك ئەو باخچەی كە تەنها یەك شێوە گوڵ یان یەك جۆر درەخت ناكاتە هەمو باخچەكە شیعریش هەمان فۆرمە كە ژیانە بە مانا ژیاندۆستیەكەی لە ستاتیكایەكی شیعریدا”.
بەیان ئیبڕاهیم، پێیوایە” شیعر هەم بەهرەیە هەم شارەزاییە لە زمان و هەم ڕوانینی قوڵە بۆ ژیان لە چوارچێوەی خەیاڵی شاعیردا، دەكرێت لەحەزەیەكی شیعریت بۆ دروست ببێت بتوانی شیعرێكی جوانی تیا بەرهەمبهێنی، ئیتر كات و شوێن هیچ گرنگیەكی نیە، ئەكرێت لە كات و شوێنێكدا كە مرۆڤ تووشی تێكشكاندن دەبێ هانا بۆ شیعر بەرێت وەك ئەوەی ماڵی شیعر ماڵی دۆزینەوەی ئەو منەیە كە واقع تێكم دەشكێنی و لەو ماڵەدا خۆمی هەقیقی دەدۆزمەوە”.
ئەو خانمە شاعیرە لە دوا پەیڤەکانی دا باس لە گەورەی عەشق دەکات و گووتی” عەشق زۆر مانا هەڵدەگرێ لەم سیاقەدا بێ خۆشەویستی و عەشق بۆ ژیان ناتوانی دێڕێ بنووسی، شیعر واتا ژیان و عەشقیش بە گشتی واتا جوانی، بەڵام عەشق ئەوە نیە كورت بكرێتەوە بۆ نێر و مێ، نا دەكرێ گوڵێك یان دارچنارێك یان باڵدارێك عەشقت بداتێ و بە شێوازێكی قوڵتر و بە فۆرمێكی جوانتر لە خۆی بیبینی، عەشق چیە چۆن دەخوڵقێ عەشق هەندێ جار گوڵزارێك ئەخوڵقێنێ و هەندێ جار تاقە گوڵێك لەدرزی بیابانێكا، خۆ هەردووكی هەر جوانن، تەنها ئەوەندە نەبێت لەو بیابانەدا ئەبێت تۆوی گولێك بەچ ئازار و چاوەڕوانیەكی بارانەوە دەركەوتبێت ئەگەر لە گوڵی بیابەنەكە نەبین عەشق هیچ مانایەكی نیە .