كارگەی دروستکردنی چەکی تێدا بووە
سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، هێزەکانیان تونێلێکیان دۆزیوەتەوە کە درێژییەکەی نزیکەی 1500 مەترە لە کەرتی غەززە، لە نێو تۆنێلەكە وەرشەی دروستکردنی چەکیش هەبووە. بەپێی زانیارییەکانی سوپا، تونێلەکە دەکەوێتە نزیک نەخۆشخانەی ئوردنی لە شاری غەززە و بەشێک بووە لە سەربازگەیەکی حەماس کە لەلایەن کەتیبە و فەرماندەکانی گروپەکەی ڕێکخراوەکەوە بەکاردەهێنرێت. لە بەیاننامەکەی سوپای ئیسرائیلدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە چالاکییەکانی بزووتنەوەی حەماس لە نزیک نەخۆشخانەی ئوردن نموونەیەکی دیکەیە لە “خراپ بەکارهێنانی هاووڵاتییانی مەدەنی غەززە وەک قەڵغانی مرۆیی” لەلایەن ئەو گرووپەوە و ئەم کارانە بەبێ ئاگاداری و تێوەگلانی ئوردن ئەنجامدراون.
هەروەها سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند ” ئۆپەراسیۆنەکانی سیخوڕی و نەخشەکێشانی ئەم ژێرخانە ژێرزەمینییە بەردەوامە و هێزەکان چالاکییەکانیان بۆ ناوچەکانی دیکە فراوانتر دەکەن کە نیشانەکانی چالاکیی تیرۆریستی تێدا دەبینرێت”.


































































