مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
وا بڕیارە ئەمڕۆ شاندێكی ئیسرائیل و حەماس، بە سەرپەرشتی ئەمەریكا لە میسر كۆببنەوە بۆ باسكردن لە ئازادكردنی تەواوی بارمتە ئیسرائیلییەكان.
لە ڕاگەیاندراوێكدا، حكومەتی میسر ڕایدەگەیەنێت كە وڵاتەكەی بانگهێشتی بۆ ئیسرائیل و حەماس ناردووە تا لە قاهیرە كۆببنەوە بۆ باسكردن لە گرنگترین خاڵەكانی ڕێككەوتنی نێوانیان،
ڕاگەیاندراوەكەی میسر دوای ئەوە هات كە بزووتنەوەی حەماس، پێشنیارەكەی ئەمریكای قبووڵ كرد و ئامادەیی دەربڕی كە سەرجەم بارمتەكان ئازاد بكات.
هاوكات كۆشكی سپی لەمبارەیەوە ڕاگەیاند “دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، ستیف ویتكۆف نوێنەری ئەمریكا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جارید كۆشنر زاوەكەی دەنێرێت بۆ كۆبوونەوەكەی میسر.”
لای خۆشییەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل ئاشكرای كرد كە شاندێكی دانوستانكاری ڕاسپاردووە سەردانی میسر بكەن بۆ دانوستان لە بارەی وردەكارییە تەكنیكییەكانی ڕێككەوتنی غەززە .

































































