ئەوەی بۆ ئێمە نەبێت نابێ بۆ كەسی دیكە بێت
ئەندامێکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی مەجلیسی ئێران هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمز دەکات و دەڵێت” ئەوەی هی ئێمە نییە، هی ئەوانی دیکە نابێت”.
یەعقوب ڕەزازادە، ئەندامی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی مەجلیسی ئێران، هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمز و ڕێگری لە تێپەڕبوونی کەشتییەکانی کرد لە ئەگەری ڕێگریکردن لە فرۆشتنی نەوتی وڵاتەکەی، جەختی لەوە کردەوە کە ئێران وەڵامی هەر هەوڵێک دەداتەوە بۆ بەئامانجگرتنی داهاتی نەوتی وڵاتەکەی.
گووتیشی ” ئێران یەکێکە لە گەورەترین هەناردەکارانی نەوت لە جیهاندا، ئەگەر هەناردەکردنمان بلۆک بکرێ، ئێمە وەڵام دەدەینەوە، ئەوەی هی ئێمە نییە، هی ئەوانی دیکە نابێت، کەنداوی فارس و گەرووی هورمز هی ئێمەن، ئەگەر سنووردارکردن بەسەرماندا بسەپێندرێت، ڕێگە نادەین ئەوانی دیکە تێپەڕن، ئەمەش زیانی بۆ وڵاتانی ئەمریکا و ئەوروپی دەبێت.”
ناوبراو جەختی کرد ” پرسی ناوەکیی، موشەک و بەرگریی ئێران “لەبەرچاوی گفتووگۆ و دانوستاندا نییە”، بە ئاماژە بەوەی کە سەرکردایەتی ئێران پێیوایە نەیارەکانی لە هەوڵی تێکدانی ئەو وڵاتەدان، لە حاڵێکدا کۆماری ئیسلامی” تەنیا ڕێگە بە سەپاندنی هاوکێشەی هێز و دەسەڵات دەدات”.
گەرووی هورمز یەکێکە لە گرنگترین ڕێڕەوی ئاوی جیهان، نزیکەی لەسەدا ٢٠ی بازرگانی نەوتی جیهانی هەڵدەگرێت. هەر هەڕەشەیەک بۆ داخستنی، پەیامێکی بەهێزی فشار بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەنێرێت. پەرەسەندنی ئێران لەکاتێکدایە کە گرژییەکان لەدوای گەڕانەوەی سزاکان بۆسەر ئێران لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان لە نێویاندا لەسەر نەوت بەسەر تاراندا. ئێران ئەمە وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی ئابووری و سیاسی خۆی دەبینێت.

































































