ئەژین غەفار: زاری کرمانجی
توێژەرێکی کورد لە لێکۆڵینەوەیەکدا ئاشکرای دەکات، جیاوازیی سیاسی و ئابووری کۆمەڵایەتی لە نێوان ئیتنیکەکانی ئێران دەکرێت و کورد و پێکهاتەکانی تر ڕازی نین لە پێگەیان لە نێو وڵاتی ئێران.
کامیل ئەحمەدی، کوردێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و لە وڵاتی ئێران دەژیێت، لێکۆڵینەوەیەکی ئەنجام داوە لەسەر هەلومەرجی ژیانی گروپە نەتەوەییەکانی نێو وڵاتی ئێران لە ژێر ناوونیشانی: (ئیتنیکە ئێرانییەکان یان نەتەوەکانی ئێران؛ یەکپارچەیی یان دابەشبوون لە بەستێنی ئاڵنگاری ئێتنیسیتە و نەتەوەدا).
ئێران وا ناسراوە وڵاتی فارس بێت بەهۆی باڵادەستی دەستەبژێری فارسەوە بەسەر کایەکانی حوکمڕانی و سیاسیدا، بەڵام جگە لە فارس؛ گروپە نەتەوەییەکانی بەلووچ، کورد، عەرەب و تورکیشی تێدا دەژین. لەم توێژینەوەیەدا توێژەر سەرنجی خستووەتە سەر جیاوازییە سیاسییەکان لەلایەن دەسەبژێری فارسەوە بەرانبەر گروپە نەتەوەییەکانی تر و دەڵێت: ” لە بواری سیاسییەوە، زۆربەی کورد، عەرەب، تورک و بەلووچ لەسەر ئەو بڕوایەن لە پێکهاتەی سیاسی وڵاتدا پێگەیەکی گونجاوییان نییە و لە پۆستە سەرەکییە باڵاکانی وڵاتدا، هیچ بەرپرسێک لەم گروپانە دانەنراون.”
توێژەرەکە زیاتر ڕوونیدەکاتەوە: ” بەڕێوەبردنی فێستیڤاڵ و کۆبوونەوە ناوچەییەکان تەنگ و چەلەمە و بەربەستی زۆرییان بۆ دانراوە، و میدییا فەرمییەکانی حکوومەت ڕووماڵی ئاهەنگە کولتوورییەکان ناکەن.”
ئەم لێکۆڵینەوەیە مەیدانی بووە و لە سێزدە پارێزگای ئێران ئەنجام دراوە لەسەر کەسانی نوخبە و پسپۆڕی گروپە نەتەوەییەکان. ئەو گروپە نەتەوەییانە ناڕازیین و ڕووبەڕووی نایەکسانیی ئابووری و سیاسی و کولتووری بوونەتەوە بە بەراورد لەگەڵ فارسەکان. بەپێی ئەم لێکۆڵینەوەیە، ئەم گروپانە هەست بە نادادی دەکەن و دەڵێن: ” لەڕووی ئابوورییەوە هەموو دەرفەتەکان لە شارە ناوەندەکانی ئێران کۆبوونەتەوە و ناوچەکانی تر پەراوێز خراون.”
لە ڕوانگەی ئایینیشەوە، (کامیل ئەحمەدی) توێژەری ئەم بابەتە ئاشکرای دەکات کە لە وڵاتی ئێران ئەوانەی سەر بە ئایینزای فەرمی کۆماری ئیسلامی ئێران نەبن واتە (ئایینزای شیعە) پەراوێز دەخرێن و دەڵێت: ” زۆرینەی بەلووچ و کوردەکان لە ئێران سەر بە ئایینزای سوننەن، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی لە هەموو ڕەهەندە سیاسی، کولتووری، ئابووری و کۆمەڵاتییەوە ستەمییان لێ بکرێت”
جگە لەم بوارانە، لەم لێکۆڵینەوەیە پەراوێزخستنی زمان و زمانەوانی، ڕێگریکردنی لە چاپ و بڵاوکردنەوە بە زمانی دایک بەشێکی تری ناڕەزاییەکانی ئەم گروپە نەتەوەییانە بوون.


































































