مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :

لە ژێر ناوی (ڕۆژنامەگەری لە غوربەت) خوێندنەوەیەك بۆ ژیان و بەرهەمی حوسێن حوزنی موكریانی، بە بەشداری كۆمەڵێك ڕۆژنامەنووس و نووسەری ڕۆژهەڵاتی كوردستان بەڕێوەچوو .
دوێنێ هەینی 3ـى تشرینی یەكەم، لە شاری سەقزی پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵات، بە بەشداری چەندین نووسەر و ڕۆژنامەنووس و چالاكوانانی مەدەنی، كۆڕێك لە ژێر ناونیشانی ڕۆژنامەگەری لە غوربەت تایبەت بە ژیان و بەرهەمەكانی حوسێن حوزنی موكریانی بەرێوەچوو .
لە كۆڕەكەدا چەندین بابەتی هەمەجۆر لەلایەن بەشداربووانەوە تایبەت بە ژیان و بەرهەمی موكریانی باسكران، لەوانە بیرۆكەی نیشتمانپەروەری و خۆشەویستی خەڵك، هاوكاری لەگەڵ ڕۆژهەڵاتناسان، ڕۆژنامەنووسی لە غوربەت و پێگەی حوزنی موكریانی لە نەتەوەسازیی كورد.
حوسێن حوزنی موكریانی لە ساڵی 1893 لە شاری مەهاباد لەدایكبووە و لە بوارەكانی مێژوو، ڕۆژنامەوانی، وێنەگری و خۆشنووسی و كڵێشەی وێنە هەڵكەندن لە دار بەهرەمەند بووە. هەروەها یەكەم كەس بووە كە ئەو پیتانەی لەنێو ئەلفوبێی كوردیدا خستووەتە ڕیزی پیتە عەرەبییەكان لە كاری چاپكردندا.
حوسێن حوزنی موكریانی لە ساڵی 1925 چاپخانەكەی لە حەلەبەوە هێناوەتە ڕواندز و بەرهەمەكانی خۆی و هاوڕێكانی بە چاپ گەیاندووە، لە ساڵانی 1926-1932 گۆڤاری “زاری كرمانجی” پێ چاپكردووە .
موكریانی لە 20ـى 9ـى 1947 لە شاری بەغدا كۆچی دوای كردووە و لە شاری هەولێر ئەسپاردەی خاك كراوە .
































































