مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :

وا بڕیار بوو لەم ماوەیەدا كۆبوونەوەیەك بە سەرپەرشتی ئەمەریكا لە نێوان حكومەتی دیمەشق و ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوای كوردستان ئەنجام بدرێت، بەڵام حكومەتی شەرع ڕەتی كردووە دانوستان لەگەڵ ئیدارەی خۆسەر بكات .
میدیای فەرمی سووریا، لەسەر زاری سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دەرەوەی سووریا كە ناوەكەی ئاشكرا نەكردووە بڵاوی كردەوە “حكومەت ڕەتیدەكاتەوە پێشوازیی لە ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بكات بۆ دانوستان و كۆبوونەوە.”
ئەگەرچی پێشتر ئیدارەی خۆسەر، پابەندبوون و ئامادەیی خۆی بۆ تەواوكردنی دانوستانەكانی ڕێككەوتنی 10ی ئاداری نێوان مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) و ئەحمەد شەرع سەرۆكی سووریاوە ڕاگەیاندبوو، بەڵام حكومەتی سووریا بە بێ ئەوەی باس لە هۆكارەكانی بكات ڕەتی كردەوە لەگەڵ ئیدارەی خۆسەر كۆبوونەوە بكات .


































































