مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :

سەرۆكی پەرلەمانی توركیا، جارێكی دیكە دووپاتی كردەوە كە هیچ زمانێكی دیكە جگە لە زمانی توركی بە فەرمی قبووڵی ناكەن و دەشڵێت “چاكسازی یاسایی ناكەین، تا پەكەكە و لقەكانی چەك دانەنێن.”
نوعمان كورتوڵموش، سەرۆكی پەرلەمانی توركیا، لەبارەی پرۆسەی ئاشتییەوە ڕایدەگەیەنێت “قۆناغی یاسایی پرۆسەی ئاشتی لەوە كاتەوە دەست پێ دەكات كە (پەكەكە) بە هەموو پێكهاتەكانییەوە، لەنێویاندا ئەوانەی لە سووریاشن، چەكەكانی دادەنێت. دواتر دەست بە هەندێك چاكسازی یاسایی تایبەت بە پرۆسەكە دەكەن.”
سەرۆكی پەرلەمانی توركیا سەبارەت بەو دەنگۆیانەی كە باس لە ناساندنی زمانی كوردی وەك زمانی فەرمی توركیا، جەخت لەوە دەكاتەوە “جگە لە زمانی توركیی، هیچ زمانێكی دیكە وەك زمانی فەرمی قبووڵ ناكرێت و پرۆسەكەش هیچ بابەتێك لە خۆ ناگرێت كە زمانێكی دیكە لە توركیا بكرێتە فەرمی.”
































































