
ن : باران فتح اللە احمد
پێشەکی: ئێریک ئێریکسۆن دەروونناسێکی ئەڵمانی-ئەمریکی بوو، یەکێک بوو لەو کەسایەتییانەی کە کارێکی زۆری لەسەر قۆناغەکانی گەشەسەندنی مرۆڤ لە سەدەی بیستەمدا کردووە. لە پەرەپێدانی تیۆری فرۆید، شێوازێکی هەشت قۆناغی گەشەسەندنی مرۆڤی خستەڕوو کە نە تەنها منداڵی بەڵکو هەموو سووڕی ژیانی مرۆڤی لەبەر گرتووە. تیۆرییەکەی بە گەشەپێدانی دەروونی-کۆمەڵایەتی ناسراوە و تێکەڵەیەکە لە تێڕوانینەکانی شیکاری دەروونی و کۆمەڵناسی و لێکۆڵینەوەی کولتووریی.
بنەمای تیۆری ئێریکسۆن:
ئێریکسۆن پێی وابوو کە گەشەکردنی کەسایەتی مرۆڤ بە درێژایی ژیان بەردەوامە و لە هەر قۆناغێکی گەشەکردندا تاک ڕووبەڕووی ململانێ یان قەیرانێکی ( دەروونی-کۆمەڵایەتی دەبێتەوە. چۆنییەتی چارەسەرکردنی ئەم قەیرانانە دەبێتە بناغەی تەندروستی دەروونی یان سەرهەڵدانی کێشە دەروونییەکان لە داهاتوودا).
هەشت قۆناغی گەشەسەندنی دەروونی- کۆمەڵایەتی:
1- متمانە لە بەرامبەر بێمتمانەیی (لەکاتی لە دایک بوون تا ١٨ مانگی)
کۆرپە لە ڕێگەی گرینگیدان و چاودێریکردنی دایک و باوکەوە متمانە یان بێمتمانەیی بە جیهان تێدا سەرهەڵدەدات. ئەگەر پێویستییە سەرەتاییەکانی بە شێوەیەکی دروست دابین بکرێن، هەستکردن بە “متمانەیەکی بنەڕەتی”(basic trust) دروست دەبێت، کە بناغەی ئاسایشی دەروونییە لە ژیانی داهاتوودا ).
2- سەر بە خۆیی بەرامبەر شەرم و گومان (ل18 مانگ بۆ 3 ساڵ)
لەم قۆناغەدا منداڵ فێری سەربەخۆیی دەبێت (بۆ نموونە لە ڕۆیشتن بۆ ئاودەست). ئەگەر دایک و باوک بە سەبرەوە پشتگیری بکەن، هەستکردن بە سەربەخۆیی لە منداڵدا گەشە دەکات، ئەگەرنا منداڵ تووشی شەرم و گومان دەبێت لە هەوڵ و تواناکانی).
3- داهێنان بەرامبەر بە تاوانباری ( 3 بۆ 5 ساڵ)
لەڕێگەی یاری، خەیاڵ و بیرۆکە منداڵ داهێنان و سەرکردایەتی ئەزموون دەکات. ئەگەر ئەم کردەوانە سەرکوت بکرێن، هەستکردن بە تاوانباری لە بەرامبەر داهێنەری دا سەرهەڵدەدات. ئەم قۆناغە بناغەی هەستی پاڵنەر و بەرپرسیارێتییە لە داهاتوودا.
4- چالاکی(هەوڵی زۆر) بەرامبەر هەستی خۆبەکەمزانی ( 6 بۆ 12 ساڵ)
لەم تەمەنەدا منداڵ بەر ژینگەی قوتابخانە و گروپی هاوتەمەنەکان دەکەوێت. ئەگەر هەوڵی مرۆڤ بۆ فێربوون و سەرکەوتن ستایشت بکرێت، هەستکردن بە لێهاتوویی گەشە دەکات. بەڵام ئەگەر ڕووبەڕووی ڕەخنە، هەستی بێبایەخی، یان شکستی بەردەوام ببێتەوە، لەوانەیە هەستی خۆبەکەمزانی لە منداڵ دا پەرەبستێنێ .
5- ناسنامە بەرامبەر سەرلێ شێواوی لە ڕۆڵ دا ( 12 بۆ 18 ساڵ)
هەرزەکاری قۆناغێکی گرینگە بۆ دروستبوونی ناسنامەی تاکەکەسی. هەرزەکار هەوڵ دەدات تێبگات کە کێیە و باوەڕی بە چی هەیە و جێگەی لە کۆمەڵگادا چییە. ئەگەر ئەم گەڕانە بە شێوەیەکی دروست پشتگیری بکرێت، ناسنامەیەکی یەکگرتوو دروست دەبێت، ئەگەرنا کەسەکە تووشی سەرلێشێواوی و قەیرانی ڕۆڵ دەبێت
6- گەرم و گوڕی بەرامبەر بە گۆشەگیری (20بۆ40 ساڵ)
تاکی گەورەساڵ هەوڵدەدات بچێتە ناو پێوەندی قووڵ و بەردەوام (سۆزداری، ئەوینداری، دۆستانە) .توانای دامەزراندنی گەرم و گوری واتە وازهێنان لە خۆپەرستی و قبوڵکردنی لاوازی تاکە کەسی بەشێکە لەم قۆناغە. شکستهێنان لەم کارە دەبێتە هۆی گۆشەگیری و تەنیایی لە مرۆڤدا ).
7- بەرهەمهێنان بەرامبەر بێ ئەنجامبوون (40 بۆ 65)
لەم قۆناغەدا تاک گواستنەوەی هەستی سوودمەندبوون و بەرهەمهێنان و بەهاکان بۆ نەوەی داهاتوو ئەزموون دەکات. ئەمەش لەوانەیە لە ڕێگەی گەورەکردنی منداڵ، کار و پیشە، پەروەردە، یان چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان بێت. بەدی نەهێنانی ئەم ئامانجانە دەتوانێت ببێتە هۆی بێ ئەنجامبوون و بێمانایی ژیانی مرۆڤ.
8- یەکگرتوویی بەرامبەر بە نائومێدی ( 65 ساڵ وتەمەنی سەرووتر)مرۆڤ ئاوڕێک لە ژیانی خۆی دەداتەوە لە ساڵانی کۆتایی ژیانی، ئەگەر بتوانێت ژیانی خۆی قبوڵ بکات، ئەوا یەکگرتوویی دەرونی و ئارامی و قبوڵکردنی مردن بەدەست دەهێنێت، ئەگەرنا هەست بە پەشیمانی و بێهیوایی دەکات
پێوەرە سەرەکییەکانی پێکهاتوو لە تیۆری ئێریکسۆن :
الف/ ناسنامە
ئێریکسۆن یەکەم دەروونناس بوو کە تیشکی خستە سەر ناسنامەی دەروونی-کۆمەڵایەتی. ئەو ناسنامەی بە جۆرێک لە یەکگرتوویی دەروونی و سەقامگیری لە بیروباوەڕەکاندا و هەستی پێوەندی بە خۆ و کۆمەڵگا ،دەزانی ). قەیرانی ناسنامەیی بە تایبەت لە تەمەنی هەرزەکاریدا،دەبێتە بناغەی تێکچوون و نەخۆشی کەسایەتی لە گەورەساڵیدا.
ب/ فەزیلەت و ڕەوشتە باشەکانی دەروونی
لە هەر قۆناغێکدا ئەگەر ناکۆکییەکان بە سەرکەوتوویی چارەسەر بک رێن، فەزیلەتێکی دەروونی دروست دەبێت، بۆ نموونە: متمانە (هیوا)، سەربەخۆیی(ئیرادە)، ناسنامە (دڵسۆزی)، یەکگرتوویی (ژیری).
ج/ جەختکردنەوە لەسەر بنەمای کۆمەڵایەتی-کلتوری
بە پێچەوانەی فرۆید کە سەرنجی لەسەر دەروون بوو، ئێریکسۆن جەختی لەسەر ڕۆڵی کۆمەڵگا، مێژوو، کولتوور، خێزان و پەروەردە لە گەشەپێدانی کەسایەتی کردەوە.
قسەی کۆتایی:
تیۆری ئێریکسۆن ڕوانینێکی فراوان و تەواو و مرۆڤانەیە کە تەواوی ژیانی لەسەر بنەمای گەشەسەندن بۆ کەسایەتی ڕوونکردۆتەوە. بابەتەکانی قەیرانی ناسنامە، ڕۆڵی کۆمەڵایەتی، بەرپرسیارێتی کولتووری و گەشەی دەروونی لە سەرانسەری تەمەندا، تیۆری ئێریکسۆنیان کردووە بە کەرەستەیەکی کاریگەر لە چارەسەری دەروونی، پەروەردە و گەشەی کەسایەتی .

































































