وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا و بریتانیا بڕیاریاندا بە سزادانی کەسایەتی و کۆمپانیای نوێ کە هاوبەشی ئێران بوونە.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا بڕیاریدا 21 قەوارە و 17 کەسی لە لیستی سزاکانی خۆیدا زیاد بکات.
بە پیی راگەیەندراوی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا ئەو کەسانە تۆمەتبارن بە بەشداریکردن لەو تۆڕانەی کە ئاسانکاری بۆ دەستخستنی کەلوپەل و تەکنەلۆجیای هەستیار بۆ وەزارەتی بەرگری و لۆجستی هێزە چەکدارەکانی ئێران دەکەن، لەوانەش مووشەکی ئاسمانی و سەربازی بەرنامەکان.
لە لایەكی دیكەشەوە حکوومەتی بەریتانیا ناوی 121 کەسایەتی و دامەزراوەی ئێرانی بۆ لیستی گەمارۆکان زیاد کرد ئەوەش دوابەدوای کاراکردنەوەی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان دژ بەو ئێران دێت.
وەزارەتی گەنجینەی بەریتانیا، لە ڕاگەیەنراوێکدا بڵاوی کردووەتەوە “لە چوارچێوەی نوێکردنەوەی لیستی گەمارۆکاندا، ژمارەیەک کەسایەتی و دامەزراوەی ئیرانی, بەهۆی پەیوەندییان بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانەوە، خستووەتە ژێر ڕێکاری بلۆککردنی داراییەوە.”
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، بە گشتی 121 ناوی کەسایەتی و دامەزراوەی نوێ بۆ لیستی گەمارۆکان زیاد کراون؛ لە نێویاندا ژمارەیەک بەرپرس و پسپۆڕی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران، فەرماندەکانی سوپای پاسداران، کۆمپانیاکانی سەر بە پیشەسازیی بەرگری، ناوەندەکانی توێژینەوە و چەندین بانکی ئێرانی، بەدی دەکرێن.
لە ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی گەنجینەی بەریتانیادا هاتووە “فەرمان بە بانک و دامەزراوە داراییەکان کراوە، هەژمار و سەرچاوە ئابوورییەکانی ئەو کەسایەتی و دامەزراوانە بلۆک بکەن و هەموو جۆرە مامەڵەیەکیان لەگەڵدا ڕابگرن.”
لە ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی گەنجینەی بەریتانیا، هاتووە “دامەزراوە داراییەکان ئەرکدار کراون بە بلۆککردنی سەروەت و سامانی ئەو کەس و لایەنانەی ناویان هاتووە و هەموو جۆرە ئاڵوگۆڕ و پێشکەشکردنێکی خزمەتگوزاریی دارایی بەوان قەدەغەیە. پابەندنەبوون بەم ڕێنماییانە یان هەوڵدان بۆ دەربازبوون لێیان، سزایی بەدواوە دەبێت.”
ئەم گەمارۆیانە لە كاتێكدایە كە نەتەوە یەكگرتووەكان بڕیاندا بە سەپاندنی سزای بەسەر ئێران و هەر سێ وڵاتی ئەوروپایش میكانیزمی ( سناپ بەك) یان بەسەر ئێران خستە بواری جێبەجێ كردنەوە.
































































