د. ئارام برادۆستی
لە بەڕێز بافل تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی-یان پرسی؛ چۆن دەڕوانیتە کاندید بونی بەڕێز مسرور بارزانی وەک سەرۆک وەزیران؟ تاڵەبانی گوتی: بەڵێ زۆرم پێ باشە، چونکە بەڕێز مسرور بارزانی هەڵوێستێکی زۆر گرنگی هەیە یان دەڵێ بەڵێ، یان دەڵێ نەخێر …
کاک بافل زۆر بە واقیعی وەسفی بەڕێز مسرور بارزانی کرد، کە ئەو مەفهوومە دەگەیەنێ؛ بەڕێز سەرۆک وەزیران زۆر ڕاستگۆ و ڕاشکاوە لە سیاسەتکردن و هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ سەرجەم ئەو کەیسانەی دێنە بەردەمی لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق و نێودەوڵەتی….
بۆیە لە سەرەتای دەستبەکاربونی کابینەی نۆیەم تاکو ئێستا ئەوپەڕی جدیەت لە جەنابی سەرۆک وەزیران دەبینرێت بۆ کار و بەرنامە و پڕۆژەکانی، ئەوانەی ڕۆژانە و هەفتانە ئیش و کاریان لەگەڵ بەڕێزیان هەیە تەئکید لەوە دەکەنەوە کە بەڕێزیان جدی، ستراتیژی، دووربین، دڵسۆز و ماندونەناس-ە، هەمیشە دەیەوێت کێشەکان لە بنەرەتەوە چارەسەربکرێن نەک بە پینەوپەڕۆ بەڕێبکرێن.
ئاسان نیە هەر لەسەرەتای دەستبەکاربوونتەوە بە کۆمەڵێک بارگرانی رابردوو و کێشەی سروشتی و دەستکرد خۆت بگری، کۆڕۆنا و مەسەلەی نەوت و گووشارەکانی ناوخۆ و ئیقلیمی و نەبوونی هیچ پاڵپشتێکی راستەقینە، لە جیاتی گەڕانەوە دواوە، هێنانەکایەوەی پڕۆژەی ستراتیژی لەسەروی هەمویانەوە ڕێگە و بان، پڕۆژەی ڕووناکی، هەنگاوەکانی بۆ چارەسەەکردنی قەیرانی ئاو، دروستکردنی بەنداو و چەندین پۆند، وە بوژانەوەی گەشت و گوزاری کوردستان و بە سیستەمکردنی زیاتری کاروباروکانی دام و دەزگاکانی هەرێمی کوردستان.
لە پرسی نەوت بەڕێز مسرور بارزانی باوەڕی بە چارەسەرکردنێکی بنەڕەتی هەبووە، سوپاس بۆ خوا دوای ٣٠ مانگ لە ڕاگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان، پاڵپشت بە هەوڵەکانی وڵاتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا ئەساسێک بۆ کەیسێکی زۆر ئاڵۆز دانرا، لەکاتی ئێستادا نەوتی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی یاسایی و فەڕمی گەیشتە بازاڕی نەوتی جیهانی، ئەم هەنگاوە ڕێگەخۆشکەرە بۆ باشترکردنی بژێوی خەڵکی کوردستان بە تاییبەت موچەخۆران ( ئەگەر حکومەتی فیدڕاڵ کێشەی ترمان بۆ دروست نەکات و بەهانەی ترمان پێنەگرێت)، لە هەمان کاتدا چاوەڕێ دەکرێت بوژانەوەی زیاتر و گرنگتر و دەرفەتی کاری زیاتر کوردستان بەرەو قۆناغێکی پێشکەوتوتر ببات ..


































































