زاری كرمانجی نەیهێشت خوێندنی ئەمساڵی سكوڵی ورزشی زانكۆی سۆران پەكی بكەوێت
قوتابییەك: لە كۆلێژی زانست هۆڵی لەشجوانیمان لە ژێر زەمینێك بوو كە هەوا گۆركێی نەبوو
سەردار قازی، چراخان ئەحمەد ـ ئیدارەی سۆران:
سكوڵی وەرزشی سۆران، خاوەن یاریگە و هۆڵی داخراوی تایبەت بەخۆی نییە و لە ساڵی ٢٠٠٩ تاوەكو ئێستا لە كۆمەڵگەی وەرزشی دێڵزیان كە تایبەتە بەیانەی سۆران، وانە تیۆری و پراكتیكیەكانی ئەنجام دەدات.
لە چەند رۆژی ڕابردوو بەهۆی تێكچوونی پەیوەندی نێوان یانەی سۆران و زانكۆی سۆران، كۆمەڵگەی دێڵزیان بە ڕووی قوتابیانی سكوڵی وەرزشی سۆران داخرا، وەك چارەسەرێكی كاتی زانكۆی سۆران بڕیاریاندا بۆ ماوەیەكی كورت وانەكانیان لە بینایی كۆلێژی زانست بەشێك لە وانە پراكتیكیەكان لە گۆڕەپانی ئەوێ و هۆڵی داخراوی یانەی وەرزشی رواندز بخوێنن.
بە هۆی زۆری كێشە و گرفتەكانی ئەم بەشە و نەبوونی پێویستییەكان، چەندین جار خوێندكارانی ئەم بەشە بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندنیان كردووە، بەڵام هیچ سوودێكی نەبووە گەراونەتەوە نێو هۆڵەكانی خوێندن.
زاری كرمانجی، وەك پیشەی هەمیشەیی بەمەبەستی خستنەرووی گیروگرفتەكان و دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ ئەو بارودۆخە ناهەموارەی كە خوێندكارانی زانكۆی سۆران تێدان، لە میانەی دیدارێكی بە میوانداری دوو خانم كە قوتابی قۆناخی سێ ـی سكوڵی وەرزش (خەندە ئیسماعیل و روویا مستەفا) ـی كرد، سەبارەت بە دوا كەوتنی وانە پراكتیكەكانی سكوڵی وەرزشی سۆران و داخستنی دەرگای كۆمەڵگەی وەرزشی دێڵزیان بەرووی قوتابیان.
خەندە ئیسماعیل، سەبارەت بە ئاریشەكانیان گووتی: ” كەم و كوڕییەكانی ئێمە یەك و دووان نین زیاترن لەوە، ماوەیەك وانە تیۆریەكانمان لەكۆلێژی بنیات دەخوێند و بۆ وانە پراكتیكیەكان دەچووین بۆ دێڵزیان، ئەمەش كاتێكی زۆری دەویست یاریگاكەی ئەویش باش نەبوو چەندین جار داوای نۆژەنكردنەوەمانكردووە، بەڵام گوێمان بۆ نەگیراوە. بەنزیكەیی ٢٥٠ خوێندكارمان هەیە، لەسەرەتایی خوێندن چەند وانەیەكی پراكتیكیمان وەرگرت، بەڵام بەهۆی ناكۆكی نێوان سكوڵی وەرزش و یانەی سۆران ڕاگیران.”
خەندە دەشڵێت: “بەهۆی ئەو ئاریشانەی چەند ساڵێكە بەچەقبەستوویی ماونەتەوە و چارەسەر نەكراون، ساڵانە ڕێژەی ئارەزوومەندانی وەرزش لەداكشان دایە، بۆنمونە قوتابی دوای ١٢ ساڵ خوێندن لەقوتابخانە، دێتە زانكۆ بۆ ئەوەی ئاستی زانستی خۆی دەوڵەمەند بكات نەك كات بەسەر بردن و كۆبوونەوەی هاروڕێیانە. هەموو ئامانجی فێرخواز فێربوونە، و دەیەوێ بەرهەمێكی هەبێت دوایی خوێندن، بەڵام كاتێك بزانێت ئەو بەشەی كە هەڵیبژاردووە بەم شێوەیە پشت گوێ خراوە و ئاوڕی لێنادرێتەوە بێگومان بەشێكی تر هەڵدەبژێرێت.”
روویا مستەفا، خانمێكی دیكەی ئەو بەشەیە و لەپاڵ خەندە ئیسماعیل، لە ریزبەندی یەكەمەكانی بەش بوونە لەماوەی سێ ساڵی رابردوو. ئەو باسی دیوێكی دیكەی ئاریشەكان دەكات و دەڵێت: “ئەوكاتەی لەكۆمەڵگەی یانەی سۆران نەبووین، دەچووینە بەشی زانست هۆڵی داخراویان هەبوو، هەر چەندە لەوێش ئاستەنگمان زۆر بوو بەڵام ڕێگە چارەی دیكەمان نەبوو، بەهۆی نە بوونی شێونێكی تایبەت بەخۆمان وانە كانمان لەوێ دەخوێند. تەنانەت هۆڵی لەشجوانیمان لە ژێر زەمینێك بوو كەهەوا گۆركێی نەبوو.”
ئەم دوو خانمە وەرزشوانە ئاماژە بەوەش دەكەن لە زانكۆكان زۆر زەحمەتە یاریزان درووست ببێت، ئەمەش پەیوەستە بە چەند هۆكارێكەوە لەوانە یاریزان لە تەمەنی زووەوە دروست دەبێت، نەك لە تەمەنێكی گەورە یاخود ئەو قوتابیانەی لەو بەشە وەرگیراون، رێژەیەكی زۆری بە حەزی خۆی نیە، بەڵكو بەهۆی كەمی نمرەی پولی ١٢بێت یان هۆكارێكی تر بێت هاتۆتە ئەوبەشە.
لە ڕوانگەی ئەو كێشانە پێشووتر سەرۆك بەشی وەرزشی زانكۆی سۆران، دكتۆر عومەر عەلی، سەبارەت كێشەكان روونكردنەوەیەكی بۆ زاری كرمانجی ـدا و گوتی: ” ناچارین بۆ بەردەوامیدان بە پڕۆگرامی خوێندن، وانە تیۆرییەكان و بەشێك لەوانە پراكتیكیەكان لە بیانەی كۆلێژی زانست بخوێنن، هاوكات هەماهەنگیمان لەگەڵ سەرۆكایەتی زانكۆ كردووە بۆ وانەكانی گۆڕەپان و مەیدان شوێنێك دابین كراوە، هەروەها بۆ ئەو وانانەی لەنێو هۆڵی داخراو دێنە خوێندن، پەنا دەبەینە بەر هۆڵی داخراوی یانەی وەرزشی رواندز، ئەگەر یانەی سۆران چیتر ئامادەنەبێت هۆڵەكەیمان پێبدات.”
هەروەها گوتیشی:” لە دووشەممەی رابردوو ـەوە هیچ وانەیەكی پراكتیكی لەبەشی وەرزشی ئەنجام نەدراوە، بەهۆی ئەوەی یانەی سۆران قوفڵی لە دەرگای یاریگەكەی و هۆڵەكەی داوە.”
هەر ئەوسا یانەی سۆران دەربارەی ئەو هەڵوێستەی د.عومەر عەلی، روونكردنەوەیەك دەدات و پێیان وایە كە زانكۆی سۆران پابەندی رێككەوتنەكان نەبوونە.
فەرمان ئیسماعیل، گوتەبێژی یانەی سۆران بەزاری كرمانجی گوت:” لەساڵی 2009 ـە رێككەوتمان لەگەڵ زانكۆ هەبووە كە ئەوان یاریگە نۆژەن بكەنەوە، بەشێوەیەك كەڵكی یاریی كردن بدات نەیانكرد، بڕیاربوو شوێنێك بۆ دەستەی كارگێڕی یانەكە بەكرێ بگیرێت، بەڵام پابەندی ئەوەش نەبوونە.”
فەرمان، درێژەی پێدەدات:” نیگەرانین بەوەی دەرگای یاریگە و هۆڵی داخراو بەرووی قوتابیان دابخەین، بەڵام هۆكارەكەی زانكۆی سۆرانە، چونكە پابەندی رێككەوتن نەبوونە.”
هەروەها گوتیشی:” دواجار بڕیاربوو شوێنێك بۆ یاریزانە دەرەكییەكانی یانەكە دابین بكەن، بۆ ماوەیەك دابینیان كرد، بەڵام دواتر یاریزانەكانمانیان لەشوێنەكە دەركرد، ئێمەش وەك هەڵوێستێك دەرگامان بەرووی ئەواندا داخست.”
جگە لەمەش بەشێك لە خوێندكاران لە رێگای سەرنجەكانیانەوە گلەیی ئەوە دەكەن، چەندین ساڵە كێشەكان بەم شێوەیە بەردەوامن و تائێستا هەوڵێكی جیدی بۆ نەدراوە و خەم خۆرێكی نەبووە.
ساڵانە سكوڵی وەرزشی سوران كەمترین چاڵاكی یان هەیە لە سەر ئاستی دەڤەرەكە، هۆكارەكەشی دەگەرێنتەوە بۆ نەبوونی شوێنی تایبەت بە خۆیان و بەشێكی زۆری قوتابیەكانی بە ئارەزوومەندانە نەچوونە تە ئەو بەشە.
روویا موستەفا، هێما بۆ ئەوەش دەكات: “كاتێك لە بینایەی كۆلێژی زانست بووین مامۆستاكانمان پێیان دەگووتین با لێرە وانە بخوێنین بۆ ئەوەی بەرپرسانی زانكۆ بمانبینن و شوێنی وانەكانمان بۆ دابین بكەن.”
خەندە ئیسماعیل و روویا موستەفا، لە ڕێگەی سەكۆی زاری كرمانجی كۆتا پەیامی خۆیان دەڵێن: ” داواكارین لە لایەنی پەیوەندیدار و سەرۆك بەشی وەرزشی چی زووە بە دەم داواكاریمانەوە بێن بۆ ئەوەی خوێندنی ئەو ساڵمان دوانەكەوێت، شوێنێكی تاێبەتمان بۆ دابین بكەن”.
دوای بەدواداچوونەكانی زاری كرمانجی، سەبارەت بە كێشەو ئاریشەكانی بەردەم قوتابیان، خۆشبەختانە (سدقی محموود) سەرۆكی یانەی وەرزشی سۆران، هەڵوێست وەردەگرێت و روونكردنەوەیەك دەدات لەسەر ئەو بابەتە كە بۆ ماوەی زیاتر لە هەفتەیەك دەرگای كۆمەڵگەی وەرزشی دێڵزیان بەڕووی خوێندكاران دەكاتەوە.
سەرۆكی یانەی وەرزشی سۆران، لە پەراوێزی ئاخاوتنەكانیدا دەڵێت: “یانەی وەرزشی سۆران موڵكی هەر تاكێكە كە خولیای وەرزشی هەبێت، لە 2009 بەبێ بەرانبەر ئەو كۆمەڵگە وەرزشییەمان داوەتە دەست زانكۆ و سكوڵی وەرزشی تا ئێستا ئەو پەڕی ئامادەیی و هاوكاری یانە بووە بۆ خوێندنی وەرزشی و پاڵپشتی بووە لە زانكۆ.”
سیدقی ئاماژەی بەوەش دەكات: “زانكۆی سۆران و یانەی سۆران دوو دامەزراوەی تەواوكەری یەكترن، دڵنیایی دەدەینە قوتابیانی ئازیز ئێمە لە یانە بەهیچ شێوەیەك بەربەست نابین لەبەردەم خوێندنیان، پێویست دەكات زانكۆش ئەو تێگەیشتنەی هەبێت و هاوكار و پشتیوانی بكات بەهەمان شێوە لە یانەی سۆرانیش، هەر واش چاوەڕوانیمان لێیان هەیە، بۆیە پێتان دەڵێین نەك بۆ یەك هەفتە، بەڵكو بەتەواوی دەرگای هۆڵی وەرزشی و كۆمەڵگەكەمان بۆ زانكۆ و قوتابیان كردۆتەوە”.