شیفا بارزانی، سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی، لەمیانەی کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی ڕەوەندی کوردستانیدا رایگەیاند، سەرۆک بارزانی، گرنگییەکی زۆر بە پاراستن و گەشەپێدانی زمان و فەرهەنگ و کولتوور و هونەری کوردی دەدات.
لە شاری کیلی ئەڵمانیا، شیفا بارزانی، سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی و ئیسماعیل کامیل، سەرۆکی کۆنفیداسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، لە کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی ڕەوەندی کوردستانیدا، بەرنامە و کار و چالاکییەکانی کۆنفیدراسۆنی کوردستانیان لە ڕۆڵی ڕەوەند و پرسی کورد ناساند، کۆبوونەوەکەش لەلایەن د. ڤیان، سەرۆکی فیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی دەستی پێکرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە نوێنەرانی حزب و لایەنە سیاسییەکان و کۆمەڵە و ڕێکخراوە کوردییەکان و کەسایەتی و ڕۆشنبیر و هەروەها شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان – سووریا بەشدارییان کرد، جەخت لە گرنگیی ئەم هەنگاوە لە ڕێکخستنی وزەکانی کۆمەڵگەی کوردی و چالاککردنی چالاکییەکانی لە چوارچێوەیەکی دامەزراوەیی کرایەوە، کە خزمەت بە پرسە نیشتمانییەکان بکات.

شیفا بارزانی، سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی، لە وتارێکدا ڕایگەیاند، سەرۆک بارزانی، گرنگییەکی زۆر بە کاری یەکگرتوویی ڕەوەندی کوردستانی دەدات، هەروەها بایەخی زۆر بە پاراستن و گەشەپێدانی زمان و کولتوور و هونەری کوردی دەدات، جگە لەوەش گرنگییەکی زۆر بەو وڵاتانە دەدات کە کوردیان تێدا دەژیت و بە وردیش کار بۆ دۆزینەوەی دۆست و هەڤاڵ و پشتیوانی بۆ دۆزی ئازادیی کوردستان دەکات.
شیفا بارزانی گوتیشی، لە 25ی ئۆکتۆبەر ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی باشووری کوردستان ئەنجام درا، کە تێیدا زیاتر لە 93%ی دەنگەکان لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستان بوون.
پاشان ئیسماعیل کامیل، سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی ڕایگەیاند، کە کۆنفیدراسیۆن پشتگیری لە داواکاریی پێگەی نەتەوەیی بۆ هەموو پارچەکانی کوردستان دەکات و یەکڕیزی و یەکدەنگیی کورد لە ڕەوەنددا بە گرنگ دەزانێت، بۆیە داوای لە کوردانی دانیشتووی شاری کیل کرد، بە زووترین کات ڕێکخراوی ناوەندی خۆیان دابمەزرێنن، کە کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستانەوە بەشداری تێدا بکەن.

ئیسماعیل کامیل هەروەها ڕاشیگەیاند، لە کۆبوونەوەکاندا لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکاندا هەمیشە ماددەی 140ی دەستووری عێراقیان لەبیرە، کە تێیدا هاتووە، حکوومەتی عێراق دەبێت ڕێز لە ئیرادەی خەڵکی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بگرێت.
لە کۆتاییشدا، شیفا بارزانی جەختی کردەوە، کە پتەوکردنی ڕۆڵی پێکهاتە و یەکخستنی هەوڵەکانیان، پایەیەکی بنەڕەتی پێکدەهێنێت بۆ دروستکردنی پردی پەیوەندیی نێوان نیشتمان و جیهانی دەرەوە، هەروەها بۆ گەیاندنی دەنگی کورد بە کۆڕ و کۆڕەکانی ئەورووپا و نێودەوڵەتی.





























































