سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە دیدارێکیدا لەگەڵ شاندێکی کەنیسەی ئەرتۆدۆکسی ڕووسی جەختی کردەوە، کوردستان نیشتمانی هەموو ئایینەکانە و کار بۆ بەهێزترکردنی کولتووری پێکەوەژیان دەکەن. شاندی میوانیش ستایشی دۆخی ئاشتی و پێکەوەژیانی لە هەرێمی کوردستان کرد.
ئەمڕۆ سێشەممە 30ـی ئەیلوولی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە شاندێکی کەنیسەی ئەرتۆدۆکسی ڕووسی کرد، بە سەرۆکایەتیی مەتڕان ئەنتۆنی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەنیسەکە.
لە دیدارەکەدا، ماکسیم ڕوبین، کونسوڵی گشتیی ڕووسیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، جەخت لە پەرەپێدانی کولتووری پێکەوەژیانی ئاشتییانە و تەبایی نێوان پێکهاتە ئایینییەکان کرایەوە.
سەرۆکی حکوومەت دووپاتیکردەوە، “کوردستان نیشتمانی ئایین و ئایینزا جیاوازەکانە و هەمیشە کار بۆ قووڵترکردنەوە و بەهێزترکردنی کولتووری پێکەوەژیان و بنەماکانی ئاشتی و برایەتی لەنێوان پێکهاتە جۆراوجۆرەکاندا دەکەین”.
لەلایەن خۆیەوە، شاندی کەنیسەی ئەرتۆدۆکسی ڕووسی، خۆشحاڵیی خۆیان بە سەردانی هەرێمی کوردستان نیشان دا و ئاماژەیان بەوە دا، “مایەی بەختەوەرییە، لە کوردستان هەموو ئایین و پێکهاتەکان بە ئاشتی و ئارامی دەژین و مافەکانیان پارێزراوە”.


































































