بۆ چارەسەر كردنی كێشەی خانەنشینانەی پێشمەرگە، شاندێك چوونەتە بەغدا و ئەمڕۆ لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینانی عێراق كۆ دەبنەوە.
بە پێی زانیارییەكان ئەو بابەتەكەی كە لە كۆبوونەوەكان گەنگەشەی لەسەر دەكرێت، یاسای ژمارە 38ی ساڵی 2007 پەرلەمانی كوردستانە كە تایبەتە بە خانەنشینی پێشمەرگە.
لەسەر زاری سەرچاوەیەك لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە، بڵاو كراوەتەوە” كێشەی خانەنشینانی پێشمەرگە لەگەڵ بەغدا یەكلایی دەكرێتەوە، هەرێمی كوردستان دەیەوێت بە یاسای پەرلەمانی كوردستان كە لە ساڵی 2007 دەرچووە چارەسەری خانەنشینی پێشمەرگە بكات، بەڵام عێراق دەیەوێت بە یاسای ژمارە9ی ساڵی 2014 كار بكات”.
شاندەكە ئەمڕۆ سێشەم 30-9-2025، لە بەغدا ئەو پرسە لەگەڵ بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینان تاوتوێ دەكات، هەرێم پێداگرە لەسەر ئەوەی بەیاسای پەرلەمانی كوردستان بابەتی خانەنشینانی پێشمەرگە چارەسەر بكات، بەوەش هیچ مووچەیەكیان لە كاتی خانەنشینبووندا كەم نابێتەوە، بەڵام ئەگەر بە یاساكەی پەرلەمانی عێراق بكرێت، خانەنشینانی پێشمەرگە بەتایبەت ئەوانەی پلەیان هەیە مووچەكەیان كەم دەكرێت.
بە پێی زانیارییە بڵاوكراوەكان شاندی وەزارەتی پێشمەرگە پێكهاتوون لە بەڕێوەبەری گشتی و جێگری بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینیی پێشمەرگە، نوێنەری ئەنجوومەنی وەزیران، نوێنەری وەزارەتی دارایی و نوێنەری یاسایی یەكەكانی 70 و 80.
پێشتریش ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم داوای كرد بابەتی خانەنشینی لەگەڵ عێراق یەكلا بكرێتەوە، هەرێم سوورە لەسەر ئەوەی بەیاسای پەرلەمانی كوردستان پێشمەرگە خانەنشین بكات، چونكە پێشمەرگە شایانی ئەوەیە مووچەكەی لە كاتی خانەنشیندا كەم نەكرێتەوە.






























































