پرۆژەی هەژماری من ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێشوازی لە تیمی هەژماری من کرد، بە مەبەستی وەرگرتنەوەی کارتە بانکیەکەیان و تەواوکردنی خۆتۆمارکردنیان لە پڕۆژەکە.
لە دیدارەکەدا، نێچیرڤان بارزانی پشتگیری خۆی بۆ پڕۆژەی هەژماری من دووپاتکردەوە و ستایشی ئەو تیمە لاوەی کرد کە پڕۆژەکە بەڕێوە دەبەن.
تیمەکە لە خاتوو شیلان دۆسکی، بەرپرسی پڕۆژە تایبەتەکان لە نووسینگەی سەرۆک وەزیران، بە یاوەری ئاراس سەڵاح، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی هەژماری من، پێکهاتبوون.
پڕۆژەی هەژماری من، پڕۆژەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بە بانکیکردنی مووچەی تەواوی مووچەخۆران، و تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 900 هەزار مووچەخۆری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەی هەژماری من تۆمارکراون. حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامانجیەتی تاوەکوو کۆتایی ساڵی 2025 پڕۆژەکە تەواو بکات.


































































