موقتەدا سەدر بە بۆنەی نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پەیامێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا هۆشداری دەدات ڕەنگە لایەنە شیعەکان بەر لە هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردنیش لەسەر دەسەڵات و پارە، عێراق تووشی ئاڵۆزی و ناسەقامگیری بکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە 29ـی ئەیلوولی 2025 موقتەدا سەدر، سەرۆکی “ڕەوتی نیشتمانیی شیعە” لە ڕاگەیاندراوێکدا بە ئاماژەکردن بەوەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، یەکەم هەڵبژاردنە کە بە بێ بەشداریی ڕەوتی نیشتمانیی شیعە بەڕێوە دەچێت، ڕایگەیاندووە: “هێندێک لایەنی سیاسی هیوایان وایە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بەڕێوە نەچێت لەبەر ئەوەی لە ئەنجامەکانی دڵنیا نین”.
موقتەدا سەدر هەڵبژاردنەکانی عێراقی بە لاواز وەسف کردووە کە نە تێر دەکەن و لە دەوڵەمەند دەکەن، بەڵکوو لە ڕێگای ئەم هەڵبژاردنانەوە دۆڕاوەکان خۆیان دەوڵەمەند دەکەن و گەندەڵکاران زاڵ دەبن. دەشڵێت ئەو کەسانە هیچ بەرهەمێکیان نییە و با هەمووان چاوەڕێ بکەن لە ماوەی داهاتوودا تا کاتی هەڵبژاردن، ئاشقانی دەسەڵات و پۆستەکان کە حەزیان لە پارە و پۆستە، دۆخەکە ناسەقامگیر دەکەن.
سەرۆکی ڕەوتی نیشتمانیی شیعە هۆشداریشی داوە لە دوای ئاشکرابوونی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانیش لە نێوان ئەو چەند لایەنە شیعەیەی بەشداریی هەڵبژاردنیان کردووە شەڕ ڕوو دەدات لەبەر ئەوەی ئەمجارە ئەنجامەکان جیاواز لە هەڵبژاردنی پێشوو دەبن. بەگوتەی موقەتدا سەدر، خەڵک پابەندی ڕێنمایی زانایان و حەکیمانیان دەبن و دەنگ بە تاقیکراوان نادەن لەبەر ئەوەی تاقیکراوان جارێکی دیکە تاقی ناکرێتەوە.
موقتەدا سەدر ئاماژەی بەوەش کردووە چەک بە شێوەیەکی بێسەروبەر بە عێراقدا بڵاو وبوەتەوە و گرنگی بە هێزە ئەمنییەکان نادرێت و بارەگاکانی میلیشیاکان لە ھەموو کۆڵانێکدا بڵاوبوونەتەوە و ھیچ سوودێکیان نییە جگە لە بوونی چەکێک کە لەوانەیە بتەقێتەوە و زیانیش تەنیا بە خوێنی عێراقی دەگات.
جەختیشی کردووەتەوە عێراق لەو ڕووداوانەی لە ناوچەکە ڕوو دەدەن بێبەری نابێت و دەڵێت دەبێ وانە لە ڕووداوەکانی لوبنان و سووریا و یەمەن و تەنانەت کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش وەربگرن لەبەر ئەوەی ئەگەر ئێران لە جەنگێکی 12 ڕۆژە کەمێک زیانی پێ گەیشتبێ، ئەوا عێراق لە ماوەی 12 کاتژمێردا زیانی پێ دەگات و وای بەسەر دێت هیچ بەڵێندەرێک لە عێراق نەدۆزرێتەوە.

































































