
ڕوانگەی سوری ئاشکرایدەکات لە دوو ڕۆژی ڕابردودا هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هێزێکی سەربازی زۆری ڕەوانەی ڕۆژئاوای کوردستان کردوە.
ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند” کاروانێکی سەربازیی ئەمریکا لە دەروازەی سنوری ئەلوەلیدەوە چونەتە ناو بنکەی قەسر لە ناو حەسەکە.”
بەپێی زانیارییەکان، کاروانە سەربازییەکە لە ٣٥ بارهەڵگر پێکهات بوو کە سەرجەمیان چەک و هاوکاری لۆجستی تێدا بووە.
ڕوانگەی سوریش دەڵێت” رۆژی ٢٧ی مانگ، هێزەکانی هاوپەیمانی بڕێکی زۆری هاوکاری سەربازیان لە ڕێگەی فڕۆکەی سەربازیەوە پێگەیشتەوە لە رمێلان لە باشوری حەسەکە، هاوکارییەکان لە کەلوپەلی سەربازی قورس و چەک و کۆمەڵێک سەربازی ئەمریکی پێکهات بوون.”
ئەم جموجۆڵانە لەچوارچێوەی ئەو هاوکاریە بەردەوامانەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ پاڵپشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دڵنیابوون لە بەردەوامیی ئەرکەکەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی داعش و ئاسایشی ئەو ناوچانەی کە بنکەکانی لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا جێگیرکراون.
لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە مانگی شوباتدا پشتڕاستی کردەوە کە پنتاگۆن پلان بۆ ئەگەری کشانەوەی لە سوریا ئامادە دەکات، هەروەها ترەمپ فەرمانی هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم سزاکانی سەر سوریای داوە بۆ ئەوەی “چانسی گەورەیی” بەو وڵاتە بدرێت.


































































