کۆمەڵێک توێژەر ڕایانگەیاند ” دۆزینەوەی کەللەسەرێکی مرۆڤ کە تەمەنی نزیکەی ملیۆنێک ساڵە لە چین دەتوانێت تێڕوانینی ئێمە بۆ مێژووی پەرەسەندنی مرۆڤ بگۆڕێت”.
بە گووتەی ئەوان، دۆزینەوەکە دەریدەخات” دروستبوونی هۆمۆ ساپیێنس، لانیکەم نیو ملیۆن ساڵ زووتر لەوەی پێشتر بیری لێدەکرایەوە دەستیپێکردووە، لەبەر ئەم هۆکارەش ماوەی پێکەوە ژیانمان لەگەڵ جۆرە نزیکەکانی وەک نیاندەرتاڵەکان زۆر زیاتر بووە”.
تیمی لێکۆڵینەوەکە جەختیان لەوە کردەوە ” ئەنجامە سەرەتاییەکان ئەگەر پشتڕاست بکرێنەوە، ئەوە لاپەڕەیەکی نوێ لە تێگەیشتن لە قۆناغە سەرەتاییەکانی مێژووی مرۆڤایەتیدا دەکاتەوە، بەڵام هەندێک لە ئەنترۆپۆلۆژیستەکان کە ناکۆکيان ههيه لەسەر ميژووى سەرهەڵدانی هۆمۆساپینهكان ، دەڵێن هەرچەندە دەرەنجامەکانی توێژینەوە نوێیەکە جێی متمانەن، بەڵام دوورن لە دڵنیابوون”.
ڕاپۆرتی دۆزینەوەکە لە گۆڤاری (زانستی) كە تایبەتە بە بابەتە زانستییەكان بڵاوکراوەتەوە و وەک یەکێک لە بەناوبانگترین دەسەڵاتە زانستییەکانی جیهان ناسراوە، پرۆژەکە بە هاوکاری توێژەرانی زانکۆیەکی چین و مۆزەخانەی مێژووی سروشتی بەریتانیا ئەنجامدراوە.

































































