یانەی ریال مەدرید لەئێستاوە کار بۆ بەهێزکردنی هێڵی بەرگریی تیپەکەی دەکات و دوو بەرگریکەری درەوشاوەی کردووەتە ئامانج.
ریال مەدرید هاوینی رابردوو سەرکەوتوونەبوو لە گرێبەستکردن لەگەڵ ویلیام سالیبای بەرگریکەری ئارسیناڵی ئینگلیزی و ئەو یاریزانە تاوەکو 2030 لەگەڵ گانەرز بەردەوام دەبێت.
میدیای ئینگلتەرا ئاشکرایانکردووە، یانەی شاهانە ئێستا سەرنجی لەسەر تواناکانی دوو بەرگریکەرە کە تایبەتمەندییەکانیان زۆر لەیەکدییەوە نزیکە، گەنجن، توانای جەستەیی بەهێزیان هەیە و گرێبەستەکانیان لەگەڵ یانەکانیان نزیکە لە تەواوبوون.
ئەو دوو یاریزانەی ریال مەدرید بەنیازی گرێبەستکردنە لەگەڵیان، دایۆت ئۆپامیکانۆ و ئیبراهیم کۆناتیێ بەرگریکەرانی هەریەکە لە بایرن میونشن و لیڤەرپوولن.
ریال مەدرید هاوینی رابردوو گرێبەستی لەگەڵ دین هاوسن کرد و ئەو یاریزانە بووەتە کۆڵەکەی سەرەکیی بەرگریی تیپەکە، گەڕانەوەی میلیتاویش ئارامییەکی کاتیی بەچابی ئەلۆنسۆ بەخشیوە، بەڵام کێشە لە جێگرەوەکانی ئەو دوو بەرگریکەرەیە.
رۆدیگێر ئاستی دابەزیوە و هەلی یارییکردنی زۆر کەمە. ئالاباش بەهۆی دابڕانی زۆرەوە لە پێکان، ئاستی دابەزیوە و پێناچێ جێگەی متمانەی ئەلۆنسۆی راهێنەر بێت، لە کاتێکدا راول ئەسێنسیۆ بەهەمان شێوە جێگەی دڵنیایی نییە لای چابی ئەلۆنسۆ.
ریال مەدرید لە هەوڵەکانی بۆ بەدەستهێنانی ئەو دوو بەرگریکەرە، گرەو لەسەر نزیکبوونەوەی کۆتایی هاتنی گرێبەستیان لەگەڵ یانەکانیان دەکات، چونکە ئەو دوو یانەیە زەحمەتە لە بەرامبەر ویستی یاریزانەکانیان بۆ چوونە ریال مەدرید بتوانن رێگریی گەورە دروست بکەن.


































































