رۆژنامەی ئیسرائیل هەییوم لە راپۆرتێکدا رایگەیاندووە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ ئاشتی گەیشتوونەتە بنبەست و ئەگەری شەڕێکی نوێ بەڵام قورستر و خوێناویتر لە نێوان ئێران و ئسیرائیلدا لە ئارادایە.
ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە 28ـی ئەیلوولی 2025، رۆژنامەی ئیسرائیل هەییوم لە راپۆرتێکدا بە ئاماژەکردن بە شەڕی 12 رۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل رایگەیاند هەر دوو لا باس لە سەرکەوتنی خۆیان دەکەن و لە کاتێکدا کە ئیسرائیل جەخت لەسەر لاواز بوونی هێزی ئەتۆمیی ئێران دەکاتەوە، تاران باس لە مانەوە و بەرگری و هێزی مووشەکیی خۆی دەکات.
ئیسرائیل هەییوم باسی لەوە کردووە بە شکستی دانوستانە ئەتۆمییەکان و گەڕانەوەی گەمارۆ ئابوورییەکانی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، کۆماری ئیسلامیی ئێران کەمتر لە رابردوو لە هەڵگیرسانی شەڕ نیگەرانە و خەریکی بەهێزکردنەوەی سیستەمی مووشەکی و بەرگریی ئاسمانی خۆیەتی و باس لە ئەگەری هێرشێکی پێشگریکارانە بۆ سەر ئیسرائیل دەکات.
لەم راپۆرتەدا ئاماژە بەوەش کراوە ئیسرائیل لە شەڕی پێشوودا پشتی بە هێرشی لەناکاو و پشتیوانیی ئەمریکا و سیستەمی بەرگریی پێشکەوتوو بەستبوو بەڵام دیار نییە بۆ شەڕی داهاتوو ئەم پشتگیرییانەی دەست بکەوێت و ئامادەیی تاران بۆ شەڕ و دڵنیا نەبوونی ئیسرائیل لە بەردەوامبوونی پشتیوانییەکانی ئەمریکا، حکوومەتی ئیسرائیل تووشی ئاڵنگاریی قورس دەکەن.
هاوکات ماڵپەڕی “وای نێت”ی ئیسرائیل ئاشکرای کرد سوپای ئەم وڵاتە بە تەواوی کەوتووەتە دۆخی ئامادەباشییەوە. بە پێی ڕاپۆرتێکی ئەم ماڵپەڕە، دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل پێیان وایە گەڕانەوەی گەمارۆکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر ئیران ڕەنگە تاران بۆ دەستپێکردنی شەڕێکی دیکە هان بدات.
لە دوای کۆتاییهاتنی شەڕی 12 رۆژە لە نێوان ئێران و ئیسرائیلدا، دەسەڵاتدارانی هەردوو وڵات بە بەردەوامی باس لە ئەگەری هەڵگیرسانەوەی شەڕ دەکەن و هەردوو لا خەریکی بەهێزکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی خۆیانن.






























































