وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە 28ی 9ی 2025 ڕایگەیاند، ڕێژەی بێکاری لە عێراق گەیشتووتە (13%) و کەلێنێکی بەردەوام لەنێوان ژن و پیاو لە بازاڕی کاردا هەیە.
عەبدولزەهرا ئەلهنداوی، گوتەبێژی وەزارەتەکە بە (شەفەق نیوز)ی ڕاگەیاندووە: ”بێکاریی ژنان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاترە کە نزیکەی 18%یە و نزیکەی دوو هێندە زیاترە لە 9% بۆ 10% کە بۆ پیاوان تۆمار کراوە، ئەم جیاوازییەش بەستراوەتەوە بە هۆکارە کۆمەڵایەتییەکان و بەردەستبوونی سنوورداری هەلی کاری گونجاو.“
بڵاوکردنەوەی ئەم ئامارە لەکاتێکدایە، میدیاکانی عێراق بەردەوام ڕاپۆرت سەبارەت بە ڕێژەی بێکاریی گەنجانی عێراق و نەبوونی هیچ پلانێک بۆ ڕەخساندنی کاری نوێ بڵاو دەکەنەوە.
بەگوێرەی چاودێران، ملیۆنان کەس لە عێراق لە هێڵی هەژاریدان و دابەزینی ئاستی گوزەران وای لە گەنجان کردووە هیچ ئومێدێکیان بە داهاتوو نەبێت. تەنانەت ئەم دۆخە وای لە گەنجانی عێراق کردووە، ناچار بن ڕوو لە جەنگەکانی دەرەوە بکەن و لە ڕیزەکانی سوپای ڕووسیا و ئۆکراینا بە بڕە پارەیەک ببنە سەربازی بەکرێگراو و بجەنگن.


































































