بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند وڵاتەکەی شوێنی ڕاگرتنی 450 کیلۆگڕام یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران دەزانێ و ئەم زانیارییانەی داوەتە حکوومەتی ئەمریکاش.
نەتانیاهۆ بە کەناڵی فۆکس نیوزی راگەیاند ئیسرائیل بەر لە هێرشەکانی مانگی حوزەیرانیش دەیزانی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بەم هێرشان لەناو ناچێت و ئامانج لە هێرشەکان، راگرتنی پیتاندنی زیاتر و ڕێگری لە دروستکردنی چەکی ئەتۆم بوو.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەختی کردەوە ئێسرائیل ئاگاداری شوێنی راگرتنی یۆرانیۆمەکەی ئێرانە وگوتیشی: ” دەبێ گوشارە دیپلۆماسی و ئابوورییەکان لەسەر ئێران بەردەوام بن بۆ ئەوەی ڕوونی بکەینەوە ڕێگا نادەین هەوڵەکانیان بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بۆ لەناوبردنی ئیسرائیل و ئەمریکا دەست پێ بکەنەوە”.
حەفتەیەک پێشتر رۆژنامەی جروزاڵم پۆست لە راپۆرتێکدا ریگەیاندبوو، مووساد لە شوێنی راگرتنی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران ئاگادارە و بەو زانیارییانەی لەم بارەیەوە هەیەتی، لە کاتی پێویستدا دەتوانێ دەستوەردان بکات.
لە شەڕی 12 رۆژەی ئێران و ئیسرائیلدا، بەشی سەرەکیی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و بنکەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم وێران بوون بەڵام چارەنووسی زیاتر لە 450 کیلۆگڕام یۆرانیۆمی بە ڕێژەی 60٪ پیتێنراوی ئێران، هێشتا ناڕوونە.

































































