گوتەبێژی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی پڕۆژەکانەوە نزیکەی ١٥٠ ھەزار ھەلی کار بۆ خەڵک ڕەخساوە.
بەرگەشت ئاکرەیی، گوتەبێژی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆر بە ڕەخساندنی ھەلی کار بۆ خەڵک دەدات، لە ڕێگەی ئەنجامدانی پڕۆژە لە ھەموو سێکتەرەکان لە ھەرێمی کوردستان، وەکو پیشەسازی، کشتوکاڵ، گەشتوگوزار، بازرگانی و کەرتەکانی دیکە، ھەلی کار بۆ خەڵکی خۆمان ڕەخساوە، بەردەوامیش ڕێژەکە لەزیادبووندایە، چونکە ئامانجی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە، ھەلی کار بۆ خەڵکی خۆمان بڕەخسێت.
ئاکرەیی هەروەها ڕوونیشی کردەوە، لەم کابینەیەدا، بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ نزیکەی ١٥٠ ھەزار ھەلی کار لە پڕۆژەکانمان بە ھەموو سێکتەرەکان ڕەخساوە، لەبەر ئەوەی پڕۆژەی زۆری وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان ئەنجام دراون، پێویستە ھەر پڕۆژەیەکیش ئەنجام بدرێت ٧٥%ی کرێکارانی ناوخۆیی بن و ٢٥%ی بیانی بن، لە زۆر پڕۆژە ڕێژەی زیاتر لە ٧٥%ی کرێکاری ناوخۆیین، بەردەوامیش دەبین، بۆ ئەوەی زۆرترین ھەلی کار لە ھەرێمی کوردستان بۆ گەنجانی خۆمان بڕەخسێت.

































































