شەهلا ڕەشید- زاری کرمانجی :
زۆر جار هونەرمەندان و کەسە ناودارەکان کێشە تایبەتییەکانیان تێکەڵ بە کارەکانیان دەکەن، ئەمەش کاریگەری نەرێنی دروست دەکات لەسەر کەسایەتییان یاخود دەبنە جێگەی باس لەلایەن هەوادارەکانیانەوە.
شیرین عەبدولوەهاب خانمە گۆرانیبێژی میسری، لەگەڵ هاوسەرەکەی حوسام حەبیب، لە کۆتای ساڵی ڕابردوو دوای چوار ساڵ هاوسەرگیری هەواڵی جیابوونەوەیان ڕاگەیاند، کێشە کەوتە نێوانیان و شیرین هاوسەرەکەی تۆمەتبار کرد بەوەی توندوتیژی بەرامبەر کردووە، هەروەها خێزانەکەشی حوسامیان تۆمەتبار کرد بەوەی شیرین ئالوودەی ماددەی هۆشبەر کردووە، بەڵام دوای دەرچوونی شیرین لە نەخۆشخانە دووبارە هاوسەرگیری لەگەڵ هاوسەری پێشووی کردەوە بە ئامادەبوونی هەندێک لە کەسە نزیکەکانی.
ئەم گۆرانیبێژە گووتی:” حوسام کەسێکی باشە و ئەو خۆشەویستی ژیانمە، هەروەها هێشتا ئەوم خۆش دەوێت، بەڵێن بە هەوادارەکانم دەدەم بابەتە تایبەتەکانم چیتر بڵاو ناکەمەوە، ئەو لاپەڕەیە دادەخەم و باشترین گۆرانییەکانیان پێشکەش دەکەم”.