ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێوەڕسمی راگەیاندنی ڕێبەری سەلامەتی تیشكی خستە سەر ڕۆڵی كابینەی نۆیەم بۆ جێبەجێ كردنی پلانی چاكسازی گرینگ و گووتی ” لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا چاکسازیی گرنگ لە بواری ئەدای هەموو دامەزراوەکانی وەزارەتی ناوخۆ کراوە، بۆ ئەوەی لەگەڵ کارنامەی کابینە و دیدگای سەرۆک وەزیران و خزمەتکردنی خەڵک و بەرزکردنەوەی کوالیتی خزمەتگوزارییەکان بگونجیت.
گوتیشی: لەبواری کارکردن و ڕاپەراندنی ئەرکەکانی پۆلیس و بەڕێوەبەرایەتیەکانی هاتوچۆ و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، بەرەنگاربوونەوەی قەیران و ڕووداوەکان، کۆچ و کۆچبەران و بەڕێوەبردنی کەمپ و ئاوارەکان و هەموو هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بەرەو پێشچوونی باشی بەخۆیەوە بینیوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەوڵی جددیمان داوە کارەکانی دامەزراوەکانی بەرگریی شارستانی هاوشانی بنەماکانی کارکردنی جیهانی بەرزبکرێتەوە و بەلێهاتوویی و کەرەستەی سەردەم توانادار بکرێن. بۆ ئەوەی بتوانن هاووڵاتیان و دامەزراوەکانی کوردستان لە کارەساتە سروشتییەکان و لێکەوتەکانیان بپارێزان.
ڕێبەر ئەحمەد باسی لەوەشکرد، بنەما سەرەکییەکانی ئەرکی بەرگریی شارستانیی بریتییە لە ڕێگریی لە کارەسات، ئامادەکاری بۆ ڕووبەڕوونەوە، وەڵامدانەوەی کارەسات و قەیران و هەماهەنگی و هاوکاریی خەڵک بۆ ژیانەوە و هەڵسانەوە.
وەزیری ناوخۆ ڕاشیگەیاند، بۆ ئامادەکاریی بۆ ئەم ئەرکانە و لەژێر ڕێنمایی و فەرمانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئاستی ئیداریی بەرگریی شارستانیی بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرزکرایەوە و لە دامەزراوەی پۆلیس جیاکرایەوە.
ڕێبەر ئەحمەد گوتیشی: لە 5-1-2021، فەرمانی وەزاریمان بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا دەرکرد بۆ ئامادەکردن و نووسینی ڕێبەر و کۆدەکانی سەلامەتی تاوەکوو ژێرخانی کوردستان بە پتەوی بونیاد بنرێت. بۆیە ئەمڕۆ دوای چوار ساڵ بۆ یەکەم جار هەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەنی کۆد و ستانداردی تایبەت بەخۆی لە بواری سەلامەتی.
دەشڵێت: جێبەجێکردنی ڕێبەری سەلامەتی بواری کارەساتی گەورە کەم دەکاتەوە، بە پاڵپشتیی سەرۆک وەزیران باشترین جۆرەکانی ئۆتۆمبێل و ئامیرەکانی ئاگرکوژێنەوە بە قەبارەی گەورە و بچووک لەبەردەستی تیمەکانی بەرگریی شارستانین.
ڕێبەر ئەحمەد جەختیشی کردەوە، کۆنترۆڵکردن و ڕزگارکردنی گیانی خەڵک بووەتە جێگەی سەرنجی هاوڵاتییانی خۆمان و شارەکانی دیکەی عێراق. گرنگییەکی زۆرمان بە بابەتی پەروەردەکردن و ڕاهێنانی کارمەندانی بەرگریی شارستانی داوە، لە چوارچێوەی پەیمانگەی بەرگریی شارستانی و ئەکادیمیای سەرکردایەتی و بەڕێوەبردنی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ.
گوتیشی: توانای تیمەکانی بەرگریی شارستانی کوردستان لە ڕووداوە جۆراوجۆرەکانی ئاگر و لافاو لە کوردستان ساڵ دوای ساڵ بەهێزتر دەبێت و لە ئایندەیەکی نزیکدا دەبینین کە تەکنەلۆژیا و درۆنی پێشکەوتوو لە کوژاندنەوەی ئاگر لە کوردستان دەکەوێتە بواری کارکردن.
































































