جەبار عەبدوڵڵا مهاجیر
قوتابخانە لە چوار بازنەی سەرەكی پێكدێت هەر بازنەیەك جۆرێكی تەمەن لەخۆ دەگرێت، پێویستییەكی گرنگ و چارەنووسسازە بازنەكان مامۆستای رێكخراو و تایبەتیان بۆ دیاری بكرێت، چونكە بەجۆرێك بازنەكان جیاوازن وا دەخوازێت جۆری مامۆستاكانیش جیاواز بن، ئەو جیاوازیە بۆ ئەوە نییە كە مامۆستایێك ئاستی زانستی لاوازە و ئەوی تریان ئاستی بەرز بێت، بەڵكو بۆ ئەوەیە گونجاوتر بێت، لەگەڵ ژینگەی قوتابیان و چۆنیەتی دان بەخۆدا گرتن و گرتنەبەری هەستی بەرپرسیارەتی و راهاتن لەگەڵ تەمەنی قوتابییەكە.
هەموومان بەرپرسیارین بەرامبەر بەو پڕۆسەیە، بەڵام تا ئیستا سەركەوتوو نەبووین لە داڕشتن و هەڵبژاردنی رێگایەك كە باشترین بێت بۆ فێرخوازەكە و گونجاو بێت بۆ مامۆستا تا بتوانن بەیەكەوە بگونجێن، منداڵ هەر لە تەمەنی هاتنی بۆ قوتابخانە لە بازنەی یەكەم دەست پێ دەكات، تا پۆلی سێ هەست بە ترس و دڵەڕاوكێ دەكات و دەروونی ناجێگیرە، بۆ ئەو مەبەستەش مامۆستای دەروونناس پێویستن بۆ ئەو بازنەیە تاكو بتوانن بە رێگایێكی سەركەوتووتر بچنە قوڵایی هزر و بیری قوتابییە دەروون رووخاوەكان.
لەلایەكی تر كۆنتڕۆڵكردنی دۆخە نەخوازراوەكان، بۆ نموونە قوتابییەكی پۆلی یەكەم كە تازە هاتۆتە قوتابخانە، لەوانەیە بەجۆرێك هەڵسوكەوت بكات شیاو نەبێت لە پۆلەكەیدا، ئەگەر مامۆستا دەرونناسەكە بیرۆكەكانی بەكارنەهێنێ لەوانەیە بە زیانی وازهێنان لە قوتابخانە كۆتایی پێ بهێنرێت، ئەو قوتابییە ئارەزووی هاتنەوەی بۆ قوتابخانە كەم ببێتەوە، هەرچەندە قوتابخانەكان بەشێكی زۆریان بێ مامۆستای دەرونناسین، بەڵام پێویستە هەبێت و گرنگی پێ بدرێت، ئەگەر هاتوو ئەو رێگایە چارەسەری نەبوو، دەكرێت رێگایەكی تر بگرینەبەر، ئەویش بە دانانی مامۆستای ئافرەت لەو بازنەیە، چونكە ئافرەت پێشتر ئەو رێگایەی تاقیكردووەتەوە و باشتر دەتوانێت منداڵانی لەو جۆرە تەمەنە رابگرێت و ڕابهێنێت.