
لە کاتێکدا ئەمڕۆ 28-9-2025، میکانیزمی (سناپ بەك) دژی ئێران چالاک بوو، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: ” نەتەوە یەکگرتووەکان بە پشتبەستن بە شەش بڕیارنامەی ئەنجوومەنی ئاسایش، شەش سزا و سنووردارکردنی پێشووی ئەنجوومەنی ئاسایشی بەسەر تاراندا سەپاندەوە”.
لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە” بڕگەکانی بڕیارنامە گەڕێندراوەکان ئەو مەترسیانە دەکەنە ئامانج کە بەهۆی چالاکییە ئەتۆمییەکان، مووشەکییەکان، چەکی ئاسایی و ناسەقامگیریی کۆماری ئیسلامییەوە دروست دەبن. بەم پێیە ئێران پێویستە پیتاندنی یۆرانیۆم، چالاکییەکانی ئاوی قورس و دووبارە پرۆسێسکردنەوە ڕابگرێت؛ تەکنەلۆژیای موشەکی بالیستی بەکارنەهێنێت؛ هاوردەکردنی چەکی ئاسایی قەدەغە بکرێت؛ و ڕووبەڕووی سنووردارکردن دەبێتەوە لەوانە قەدەغەکردنی سەفەر و سەروەت و سامان لەسەر هەندێک کەس و لایەن دەبەستێت، جگە لەوەش دەستبەسەرداگرتنی چەک و باری قەدەغەکراو کە لە ئێرانەوە بۆ ئەکتەرانی دەوڵەتی یان نادەوڵەتی دەگوازرێتەوە، ڕێگەپێدراوە”.


































































