سەردار قازی – ڕواندز:
بەر لە یاری یانەکەی دژی سێمێل، یاریدەدەری ڕاهێنەری یانەی ڕواندز، وردەکاری ئامادەیی تیمەکەی دەخاتە ڕوو.
نیهاد جاسم بەزاری کرمانجی ڕاگەیاند: “ماوەی 40 ڕۆژە دەستمان بە ئامادەسازی تەواو کردووە، تیمێکی تۆکمەمان پێکهێناوە، لەڕووی جەستەیی و تاکتیکی کاری جددیمان لەسەر کردوون. تیمەکەمان لەڕووی دەروونییەوە بەباشی ئامادەیە، و توانیومانە کۆنترۆڵی دۆخەکە بکەین.”
لە درێژەی ئاخاوتنەکانیدا گوتیشی: “بێ شک یەکەم وەرزی یانەکەمان لە خولی پلەیەک، زەحمەت دەبێت، چونکە هیچ بناخەیەکی بۆ ئایندە بنیات نەنرابوو، ئێمە هاتووین دووبارە لە سفرەوە دەستمان پێکردووە و لە ماوەیەکی کورتدا پێکهاتەیەکی کۆکتێل بە یاریزانی گەنج و بە ئەزموون پێکهێناوە. دۆخی دارایی یانەکەمان بەتەواوەتی نالەبارە ئەمەش کاریگەری نەرێنی کردووتە سەر هەنگاوەکانمان، بەوەی بەگوێرەی خواستی خۆمان نەمانتوانیوە ئەو یاریزانانە کۆ بکەینەوە، کە کوالێتییەکەیان جێی ڕەزامەندی ئێمەیە.”
نیهاد جاسم، ڕوونتر هۆکاری قەیرانی دارایی یانەکە باس دەکات: “وەرزی ڕابردوو لە خولی یانە پلە دووەکان، خەرجییەکی زۆریان کردووە بەمەش قەرزیان لەسەر کەڵەکەبوون، بەو هۆیەوە ئێمە نەمانتوانی بەگوێرەی خواست کاری ئاسایی خۆمان بکەین، چونکە نەدەکرا پەستان بخەینە سەر لایەنی ئابووری یانەکە، ناچار بەگوێرەی دۆخەکە هەنگاومان هەڵهێناوە.”
یاریدەدەری ڕاهێنەری ڕواندز، باس لە گرنگی ڕۆڵی هاندەران دەکات: “یاریی بەبێ هاندەران هیچ تام و چێژێکی نییە، لە جیهانی تۆپی پێ هاندەران یاریزانی ژمارە 12 ەن، بەڵام لای من یاریزانی ژمارە یەکن. بە بڕوای من ڕۆحییەت و ئەنگیزە لە هاندەرانەوە سەرچاوە دەگرێت و خلۆری لاکێشەی سەوز دەبێتەوە، دەچێتە نێو جەستەی یاریزانەکان. داواکارم لە جەماوەری خۆشەویستی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بەتایبەت شاری ڕواندز، بە ڕۆح هانی تیمەکەی خۆیان بدەن، بۆ ئەوەی پێکەوە ئاڵای پڕ شکۆی ڕواندز بە بەرزی ڕابگرین.”
سەبارەت بە یەکەم یاریی یانەکەی دژی سێمێل، نیهاد جاسم هێمای بۆ ئەوە کرد، کە خوێندنەوەیەکی زۆر باشیان بۆ تیمی ڕکابەر کردووە.
نیهاد، دەڵێت: “بۆ یاریی سێمێل بەباشی ئامادەین، بە ئامانجی سێ خاڵی یاریی دەڕۆینە نێو یاریگەی ئەوان، و پشتیوان بە هاندەردان و کارگێڕی یانەکە بە سەرکەوتن دەگەڕێینەوە.”
ڕواندز، ڕۆژی دووشەممە لە گەڕی یەکەمی خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان، دەبێتە میوانی یانەی سێمێل.