مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بێشكچی، بیرمەندی تورك و دۆستی نزیكی گەلی كورد تووشی خوێنبەربوونی مێشك بووە و دۆخی تەندروستی ناجێگیرە .
ئیسماعیل بێشكچی گەورە بیرمەندی تورك و دۆستی دێرینی كورد، دوێنێ ئێوارە ڕۆژی شەممە 27ـى ئەیلوولی 2025، لە كاتی بەشداریكردنی لە فێستیڤاڵی سینەمای ئامەد (دیاربەكر) و پێشكەشكردنی گوتەی خۆی ڕەوشی تەندروستی تێكدەچێت و بە بەپەلە گەیەنرایە نەخۆشخانەی زانكۆی دیجلە.
لە ڕاگەیێندراوی نەخۆشخانەی زانكۆی دیجلە هاتووە “بەگوێرەی ئەو پشكنینانەی بۆ ئیسماعیل بێشكچی كراوە، دەركەوت بەهۆی گوشاری خوێنەوە تووشی خوێنبەربوونی مێشك بووە.”
دەشڵێت “ئەگەرچی ئاگای لە خۆیەتی، بەڵام خوێنبەربوونەكەی لە شوێنێكی هەستیارە، بۆیە هێشتا مەترسی لەسەر ژیانی هەیە.”
یەكێك لەو بەرهەمانەی لە بەرنامەی فێستیڤاڵەكە ئامادەكاری بۆ كراوە بایۆگرافی (ئیسماعیلی ئێمە) یە كە تایبەت بوو بە ژیان و بەسەرهاتەكانی بێشكچی.
بێشكچی بە یەكێك لە داكۆكیكارە سەرسەختەكانی مافەكانی گەلی كورد ناسراوە و بەم هۆیەشەوە 17 ساڵ لە ژیانی خۆی لە نێو زیندانەكانی توركیا بردووەتە سەر .
بێشكچی خاوەنی چەندین پەرتووك و نووسراو و لێكۆڵینەوەی جۆراوجۆرە لە سەر مافەكانی كورد .

































































